رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن، "سووریایەکمان دەوێت سەقامگیرییەکەی پارێزراو بێت." لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییش ئاماژە بەوە دەکات، چوونەتە قۆناخێک تێیدا کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و وڵاتەکەی نزیکبووەتەوە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی کرد.
یڵماز رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەهۆی ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کردنیە سەر سووریا و گوتی، ئەو هێرشانە هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی سووریا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "سووریایەکمان دەوێت یەکێتی، یەکپارچەیی و سەروەریی خاکەکەی پارێزراو بێت."
لە 13ی تەممووزەوە لە سوەیدای سووریا، شەڕ لەنێوان چەکدارە دروزەکان و هۆزە دەشتەکییە سوونییەکان هەڵگیرساوە. لەو کاتەوە بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 1000 کەس کوژراون.
دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە، حکومەتی سووریا هێزی نارد بۆئەوەی کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنێت، بەڵام دروزەکان و روانگەی سووری رایانگەیاند، ئەو هێزانە لەگەڵ دەشتەکییەکان کەوتنە شەڕی دژی دروزەکان.
ئیسرائیل کە بەشێک لە دانیشتووانی دروزن، خۆی بە پارێزەری دروزەکانی سووریا نیشاندەدات، بۆیە دەیان هێرشی سەربازیی کردنە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە سوەیدا و ناوچەکانی دیکە.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، چووەنەتە قۆناخێک کە کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی پارتی گەریلاکانی کوردستان (پەکەکە) و وڵاتەکەی نزیک بووەتەوە.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ