رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی چەندین ناوەندی فکری، راپرسی، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە کۆدەبێتەوە، کە دیارترینیان دامەزراوەی سێتا، راوێست بۆ لێکۆڵینەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی و سیاسەتی ئابوورین.
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کاژێر 11:00ـی رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە.
لە دانیشتنی یەکەمی 12ـەیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەدا، گوێ لە نوێنەرانی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی (SETA)، ناوەندی دیجلە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی (DİTAM)، راوێست بۆ لێکۆڵینەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی و دامەزراوەی ئیکۆپۆلیتیک بۆ کولتوور و پەروەردە و لێکۆڵینەوە (EKEAV) دەگیرێت.
لە دانیشتنی دووەمیشدا، نوێنەرانی پەیمانگەی ئەنقەرە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سۆسیۆ-پۆلیتیک، دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی تورکیا (TEPAV) و ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ORSAM) قسە دەکەن.
هەفتەی رابردوو، لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری گوێی لە سەرۆک و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی فیدراسیۆنی توێژینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا گرت.
بەپێی کارنامەی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگ لەگەڵ زۆربەی چین و توێژێکی کۆمەڵگە کۆببێتەوە. لە مانگی داهاتووش (تشرینی یەکەم) پێشنیازەکانی پێشکێشی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ