رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2025ـدا رێژەی هەڵاوسان بۆ خوار 30% دابەزێنن و کورتهێنانی بودجەش کەمبکەنەوە. راشگەیاند، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، داهاتی تاک بگەیێننە سەرووی 17 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، بەشداری لە بەرنامەی "100 خێراترین کۆمپانیای گەشەسەندووی تورکیا" کرد، کە یەکێتیی ژوورەکان و بۆرسەکانی تورکیا (TOBB) رێکیخستبوو. لە گوتارێکدا باسی لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد.
جەودەت یڵماز رایگەیاند، "لە ساڵی 2025ـدا رێژەی هەڵاوسان بەشێوەیەکی هەمیشەیی بۆ خوار 30% دادەبەزێنین. بۆ ساڵی 2028یش هەڵاوسان بەشێوەیەکی هەمیشەیی بۆ یەک خانەیی دادەبەزێنین."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا پێشبینی کرد، لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا، داهاتی نیشتمانییان 1.5 تریلیۆن دۆلار تێپەڕێنێت و داهاتی تاکەکەسیش بۆ سەرووی 17 هەزار دۆلار بەرزببێتەوە. "بەمەش تورکیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بەپێی پۆلێنکردنی بانکی نێودەوڵەتی، دەچێتە ریزی وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرز."
لەبارەی هەڵاوسانەوە، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "هەڵاوسانمان کە لە ساڵی 2023ـدا 65% بوو، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا بۆ 44% دابەزاند. لە حوزەیرانی 2024ـەوە، رەوتێکی دابەزینی بەردەواممان تۆمارکردووە و بە گشتی 42.5 خاڵ باشتربوونمان بەدەستهێناوە."
جێگری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە هەناردەی ئەم ساڵ کرد و رایگەیاند "لە مانگی تەممووزدا، بەرزترین ئاستی هەناردەی مانگانەمان لە مێژووی کۆماری تورکیادا تۆمارکرد. لە هەشت مانگی ساڵدا، هەناردە 178 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و لەسەر بنەمای ساڵانە گەیشتە 269 ملیار دۆلار."
بۆ بەهای لیرەش گوتی، "متمانە بە لیرەی تورکی بەهێز بووە و یەدەگی بانکی ناوەندی تاوەکو 12ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتووەتە 177.9 ملیار دۆلار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ