مەسعود ئۆزیل بووە ئەندامی سەرکردایەتیی ئاکپارتی

23-02-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود ئۆزیل، کوردی باکووری کوردستان و یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بووە ئەندامی سەرکردایەتیی ئاکپارتی.
 
لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رۆژی یەکشەممە 23-2-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ جاری نۆیەم بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە. 
 
هەروەها 75 ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی هەڵبژێردران، کە یەکێک لەو ئەندامانە مەسعود ئۆزیل، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە کە کوردی باکووری کوردستانە.
 
لیستە 75 ئەندامییەکەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی بڵاوکرایەوە کە مەسعوود ئۆزیل ژمارە 43یە. 
 
عەبدوڵڵا گولەر، بە سەرۆکی دیوانی کۆنگرە هەڵبژێردرا. لە کۆی 1607 نوێنەر 1547یان دەنگیان دا و تەواوی دەنگەکان پەسندکران. گولەر رایگەیاند، ئەردۆغان بە 1547 دەنگ بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرا.
 
مەسعود ئۆزیل، 15-10-1988 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. کوردی باکووری کوردستانە و لە ساڵی 2006 لە یانەی شالکە دەستی بە یاریی تۆپی پێ کردووە. دواتریش لە یانەکانی برێمەن، ریال مەدرید، ئارسناڵ، فەنەرباهچە و باشاک شەهیر یاریی کرد.
 
مەسعود ئۆزیل هەروەها لە ساڵی 2009 تاوەکو 2018 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کرد. گرنگترین نازناویش مۆندیالی 2014ی بەڕازیل بوو کە ئەڵمانیا جامەکەی بەرزکردەوە. لەو مۆندیالەدا ئۆزیل گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دیکەشی دروستکرد. ئۆزیل رۆژی 22-3-2023 بە فەرمی وازی لە یاریی تۆپی پی هێنا.
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رۆژی 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا. 
 
لەوەتەی دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی تورکیای لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
ئەگەرچی ئێستا لەڕێی هاوپەیمانیی جمهوورەوە کە ساڵی 2018 لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) زۆرینەیەکی بەهێزی پەرلەمانییان هەیە، بەڵام ئاکپارتی هێشتا حکومەت بەڕێوەدەبات.
 
لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا هاوپەیمانیی جمهوور 318 کورسییان هەیە؛ ئاکپارتی 271 کورسی و مەهەپە 47 کورسیی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە