رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی ئەمڕۆ لە شارەکە روویان دا، 151 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی خۆهەڵدان بووە لە بەرزاییەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ نوێترین زانیاریی لەبارەی بوومەلەرزەکانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەواوی بریندارەکان بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ بووە. لە کاتی هەوڵی خۆدەربازکردنیاندا تووشی رووداوی نەخوازراو بوونە. بەشێکیان لە چەند نهۆمێکی بەرزەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.
سەبارەت بە رەوشی بریندارەکان، پارێزگاری ئیستەنبووڵ گوتی: "زۆربەی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن. تائێستا 22 بریندار دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە."
لەبارەی ژێرخانی ئیستەنبووڵ، پارێزگاری ئەو شارە رایگەیاند، دەزگای ئافاد و تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی سەلامەتیی ژێرخانی شارەکەیان پێشکێشکردووە لە رووی خزمەتگوزارییەوە.
داود گوڵ راشیگەیاند، ژێرخانەکانی کارەبا، وزە، گازی سرووشتیی ماڵان، رێگەوبان، ئاوی خواردنەوە، ئاوەڕۆ، ئەندەرپاس، پردەکان و هەموو بوارەکانی دیکە زیانی گەورەیان بەرنەکەوتووە کە شکست بە ژێرخان بگەیێنێت. لە هەندێک ناوچەدا زیانی بچووک روویانداوە، تیمەکان کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماوەی نێوان کاژێر 12:13 خولەک تاوەکو کاژێر 13:02 خولەک، چوار بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای ئیستانبووڵ روویان دا، کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.2 پلە بوو بە پێوەری رێختەر. هەر چوار بوومەلەرزەکەش بە قوڵایی جیاواز لە دەریای مارمارا تۆمار کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ