رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، ''پێیان دەگوترێت لە کوێی دابنێن''.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە، لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتی، ''دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت چەکەکان رادەست بکات، دەبێت خۆی رادەست بکات''.
وەزیری بەرگریی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ''ئەوان (پەکەکە) چەکەکان لە کوێ دابنێن؟ رادەستی سوپای تورکیای دەکەن؟'' گوتی: ''پێیان دەگوترێت لە کوێی دابنێن. ئەگەر ئەوانەی پێیان دەگوترێت، جێبەجێی بکەن، ئێمەش دەڵێین، با بێن و بفەرموون''.
ئەو گوتانەی گولەر لە کاتێکدایە، ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، ''کۆنگرە ببەستن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانتان دابنێن''.
دوو رۆژ دواتر، پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند و گوتی، بەو مەرجەی حکومەتی تورکیا رێگەبدات ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ