رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، "راستییەکی مێژووییە کە تورکیا پێویستی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانە." ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت ئەردۆغان دەستبەرداری رێبازەکەی بێت.
رۆژی 22ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پێویستیی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی کرد.
ئەردۆغان گوتی، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پێیوایە ئاکپارتی دەیەوێت دەستوور بگۆڕێت تەنیا بۆئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکاتەوە. ئەردۆغان لەو بارەیەوە گوتی، "خەمێکی لەو جۆرەم نییە کە جارێکی دیکە هەڵبژێردرێم یان خۆم بەربژێر بکەمەوە. خەمی ئێمە ئەوەیە چۆن وڵاتەکەمان باشتر بکەین."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە پارتەکەی هاوبەشی سەرەکیی ئاکپارتییە و پێکەوە هاوپەیمانیی جمهوورییان پێکهێناوە، ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
باخچەلی پەسنی کارەکانی ئەردۆغان دەدات و دەڵێت، "بەردەوام وڵاتی پێشخستووە. ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندنیان ئەستەم بوو، تێیپەڕاندن. ئەو بارگرانییەی پشتی کۆمەڵگەی کووڕ کردبوو، سووکی کرد. ئەردۆغان سەرکردە و سەرۆکێکە دڵی دۆستان خۆش دەکات و دووژمنانیش نیگەران دەکات."
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، ئەردۆغان "جێگەی شانازی و سەربەرزیی هەموو ئەوانەیە دڵیان بۆ خۆشەویستیی وڵات لێدەدات. لە رێبازی سەدەی تورکیادا بە متمانەوە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین؛ هیوامان زیندووە، ئامانجمان گەورەیە، جۆش و خرۆشمان بێ سنوورە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باخچەلی باس لەوەش دەکات، ئەردۆغان شەو و رۆژی خستووەتە سەریەک و بە خێرایی کۆماری تورکیای پێشخستووە.
دەوڵەت باخچەلی راشیگەیاند، "راستییەکی مێژوویی و ژیانییە کە کۆماری تورکیا و گەلی تورک پێویستییەکی زۆریان بە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانە، کە نەخشەڕێگەی سەدەی نوێی کێشاوە. ئەو سەرۆککۆمارەی کە خەمی وڵات و میللەتی هەیە، نابێت دەستبەرداری رێبازەکەی بێت و لەو پەیمانەی داویەتی خۆی لابدات."
ئەردۆغان دەڵێت، "لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا هێشتا هەنگاوی زۆر ماوە بنرێن و قۆناخی زۆر ماوە تێپەڕێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ