دادگەییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دواخرا

23-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەمی دادگەییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا بوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە دادوەرییەکان و لەسەر داوای پارێزەری دەمیرتاش، دادگەییکردنەکە دواخرا. 
 
24ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی تورکیا لە ئامەد، دۆسیەیەک لە ژمارەیەک تۆمەتنامەی دژی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئامادە کرد و داوای 15 ساڵ زیندانی کرد. 18یەمین دادگەی سزاکانی ئامەدیش تۆمەتنامەکەی پەسند کرد. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی ئایاری 2025، یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی دەمیرتاش لە یەکەم دۆسیەدا بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بە تۆمەتی بێڕێزیکردن و سووکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. 
 
لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە، لەو کاتەی هاوسەرۆکی هەدەپە بوو، سەلاحەدین دەمیرتاش لە گوتارەکانییدا لە ئامەد، ئەنقەرە، مێردین و مەرسین سووکایەتی و بێڕێزی بە سەرۆککۆماری تورکیا کردووە. 
 
بڕیاربوو سەلاحەدین دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا بە ئۆنلاین لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنەوە بەشدار بێت، بەڵام رەتیکردەوە بەشداری بکات؛ هەروەها دوای کردنەوەی تۆمەتنامەکان لەلایەن دەستەی دادوەرانەوە، یەکێک لە دادوەرەکان رایگەیاند، دوو لە تۆمەتنامەکان رێکاری دادوەرییان لە ئەنجوومەنی شوورا پەسند نەکراوە و هەربۆیە ناتوانرێت دادگەییکردنەکە بەڕێوەبچێ. 
 
هاوکات پارێزەرەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش داوای دواخستنی دانیشتنەکانی لە دادوەر کرد. 
 
هەربۆیە دادوەر بڕیاری دواخستنی پرۆسەی دادگەییکردنی دا. 
 
بڕیارە 24ی ئەیلوولی 2025یش یەکەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەکانی "سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە دەوڵەت، حکومەت، سوپا، هێزە ئەمنییەکان و دادگە"، "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی رق و کینە"، "پەسندانی تاوان و تاوانباران"، "هاندانی راستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی تاوان" و "بەشداریکردن و رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی و بەرزکردنەوەی دروشمی دژایەتیکردنی دەوڵەت" بەڕێوەبچێت. 
 
پێشتریش چەند جارێک سزا بەسەر دەمیرتاشدا سەپێندراوە.
 
19ـی تەممووزی 2024، دەمیرتاش لەلایەن 14ەیەمین دادگەی سزا قورسەکانی مەرسینەوە بە "تاوان"ی بێڕێزیکردن بە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت و نانەوەی رق و کینە، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 
 
16ـی ئایاری 2024یش، دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، سەلاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردنی سزادا. 
 
دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە، زیندانییە. 
  
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو