پارتێکی تورکیا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لەگەڵ جەهەپە یەکدەگرێت

23-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) هەڵوەشاندنەوەی خۆی رادەگەیێنێت و لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە یەکدەگرێت. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 23ی حوزەیرانی 2023، پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی نائاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی رێکبخات و دواتر لەگەڵ گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا یەکبگرێت. 
 
رۆژی 12ی حوزەیران مستەفا ساریگول، سەرۆکی پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) رایگەیاندبوو، پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و تەواوی رێکخستنەکانی دەچنە ریزەکانی جەهەپە. 
 
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) دوای ئەوە هات، رۆژی 8ی حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەکە بەکۆی دەنگ پێشنیازی سەرۆکەکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەیوەندیکردن بە جەهەپە پەسندکردبوو. 
 
هەرچەندە دوای هەڵبژاردنەکان، ناکۆکی و کێشە لەنێوان ئەندامانی جەهەپە بەدیدەکرێت و بەشێک لە سەرکردایەتی و سەرۆکی لقی رێکخستنەکان و جەماوەری ئەو پارتە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کڵچدارئۆغڵو دەکەن، بەڵام مستەفا ساریگول ئاماژەی بەوەدا، لەم قۆناخە سەختەدا بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و لەو چوارچێوەیەدا وەک پارتی گۆڕانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری یەکگرتنیان لەگەڵ جەهەپە داوە. 
 
مستەفا ساریگول ساڵی 1956 لە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵانی 1999-2014 سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی شیشلی ئیستەنبووڵ بووە. رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2020 پارتی گۆڕانی تورکیای دامەزراندووە و بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەنجوومەنی دادوەری تورکیا، پارتی گۆڕان 50 هەزار و 51 ئەندامی هەیە. 
 
ساریگول لە هەڵبژاردنی خولی 28ـی پەرلەمانی تورکیادا، کە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لەسەر لیستی جەهەپە لە بازنەی ئەرزینجانی باکووری کوردستان خۆی بەربژێر کرد و بووە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو