رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زەفەر هۆشداری دەداتە ئاکپارتی و مەهەپە بۆ ئەوەی پەلە نەکەن لە دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان و دەڵێت، رەنگە سووریا بە خێرایی بەرەو شەڕێک ببرێت کە تێیدا پەکەکە/یەپەگە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، سووریا پارچە بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تەمموزی 2025، ئومێت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا.
ئومێت ئۆزداغ پەیامێکی ئاراستەی ئاکپارتی و مەهەپە کرد و گوتی، "پەلە مەکەن لە دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان. رەنگە سووریا بە خێرایی بەرەو شەڕێک ببرێت کە تێیدا پەکەکە/یەپەگە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، سووریا پارچە پارچە بکەن. لەم حاڵەتەدا تورکیا ناچار دەبێت دەستوەردان بکات."
سەرۆکی پارتی زەفەر گوتیشی، "پێشهاتەکانی سووریا بە تەواوی بەو ئاراستەیەن کە ئیسرائیل دەیەوێت"، هۆکارەکەشی بە گوتەی ئەو: "سیاسەتی هەڵەی هاوپەیمانیی جمهورە، کە سووریای وەک دیاری پێشکێشی ئیسرائیل کرد."
ئۆزداغ داوای لە جەهەپەش کرد بەشداری لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان نەکات و رایگەیاند، "ئامانجی ئۆجەلان بەدەستهێنانی رەوایی سیاسییە و بەشداریکردنی ئێوە ئەو رەواییەی پێدەدات. نابێت جەهەپە هەرگیز ببێتە ئامرازێک بۆ دابینکردنی رەوایی سیاسی بۆ ئۆجەلان. لەم رووەوە، بڕیاری ئیی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە کۆمیسیۆنەکە زۆر راست و دروستە."
ئۆزداغ رەخنەی لە پرۆسەی نوێی چارەسەریی پرسی کورد گرت و پێیوایە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێشەنگایەتی و گوتەبێژیی ئەو پرۆسەیە کە بەبڕوای ئەو "تورکیای خستووەتە مەترسییەوە".
سەرۆکی پارتی زەفەر گوتی: "تورکیا لە مەترسیدایە، چونکە ئەو هاوپەیمانییەی لەنێوان هاوپەیمانیی جمهور (ئاکپارتی و مەهەپە) و دەم پارتی دروست بووە، دەیەوێت تورکیا لە مۆدێلی ئەتاتورکەوە بەرەو مۆدێلی ئەردۆغان- باخچەلی- ئۆجەلان ببات. ئەم مۆدێلە نوێیە کۆتایی بە دەوڵەتی نەتەوەیی، یەکگرتوو و عەلمانیش دێنێت."
سەبارەت بە هەموارکردنی دەستووریش، ئۆزداغ گوتی، "جێگەی داخە دەبینین ئەوانەی پێشتر سکاڵایان لە دەستوورێک دەکرد کە گوایە لەژێر چاودێریی سوپادا بووە، ئێستا هیچ نیگەران نین لە دەستوورێک کە لەژێر چاودێریی ئۆجەلاندا بێت، کە بە 'سەرکردەی دامەزرێنەر' ناوی دەبەن. مۆدێلی ئەردۆغان-باخچەلی-ئۆجەلان بە سیاسیکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی لەخۆدەگرێت."
ئۆزداغ ئاماژەی بەو پێشنیازەی دەوڵەت باخچەلی کرد کە گوتبووی دوو جێگرەکەی سەرۆککۆمار یەکێکیان عەلەوی و ئەوی دیکەیان کورد بێت و گوتی، "ئەگەر پۆستی جێگرانی سەرۆککۆمار لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی دیاری بکرێن، بێگومان وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیش بە هەمانشێوە پڕ دەکرێنەوە. ئەگەر جێگری عەلەوی بەرگری لە مافی عەلەوییەکان و جێگری کوردیش بەرگری لە مافی کورد بکات، ئەی کێ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی تورک دەکات؟"
سەرۆکی پارتی زەفەر ئاماژەی بە سەردانەکانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ لای پارتە سیاسییەکان کرد و پرسیاری کرد: "ئەگەر ئەکادیمیستێک- راوێژکارێکی میت کە روانگەیەکی رەخنەگرانەی بەرامبەر مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە هەیە، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئۆجەلان بەڕێوەببات، ئایا لە کۆتاییدا مۆدێلێک دێتەئاراوە کە درێژە بە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بدات؟ بەڵێ، تورکیا لە مەترسیدایە، لە مەترسییەکدا کە هەرگیز وەک ئێستا نەبووە. با بۆ ساتێک بیر بکەینەوە کە داواکارییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە قبووڵ کراون، ئەوکات لە چ تورکیایەکدا دەژین؟ 22 پارێزگای باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دەبنە کوردستانی ئۆتۆنۆم یان فیدراڵ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ