رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئەسکیشەهیر-ی تورکیا، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستاندێک، 10 کارمەندی فریاکەوتن، گیانیان لەدەستدا.
ئاگرەکە بەیانیی رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، لە دارستانەکانی بویوک یایلا و فەتحییە لە قەزای سەیدغازی سەر بە پارێزگای ئەسکیشەهیر لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵ کەوتەوە.
بەهۆی خێرایی باوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند و دوای 30 کاژێر گەیشتە نزیک گوندی ساریجائۆڤای سەر بە قەزای ئیحسانییەی پارێزگای ئافیۆن کاراهیسار. وەک رێکارێکی خۆپارێزی، گوندەکە چۆڵکرا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 23ـی مانگ، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەی دارستانەکانی ئەسکیشەهیر، 24 کارمەندی دارستانەکان و تیمەکانی فریاگوزاریی گیریان خواردووە و ئاماژەی بەوەدا هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ ئەوەی کارمەندەکان رزگار بکەن.
ئەمشەو وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "لەو ئاگرەی لە ئەسکیشەهیر کەوتەوە، بە گشتی 24 کەس کە پێکهاتبوون لە 19 کارمەندی دارستان و 5 ئەندامی فریاگوزاری و رزگارکردن (AKUT)، لەنێو ئاگرەکەدا گیربوون. لەم ژمارەیە 14 کەسیان رزگارکران و لەژێر چارەسەردان، بەڵام بەداخەوە 5 کارمەندی دارستان و 5 کارمەندی فریاگوزاری و رزگارکردن (AKUT)، گیانیان لەدەستدا."
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی 10 کارمەندە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هیچ رستەیەک نییە بۆ دەربڕینی خەمەکەمان. بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو کارمەندە قارەمانانەی دارستانمان پێگەیشت کە لەپێناو پاراستنی خاک و دارستانەکانماندا گیانیان بەخشی. سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازم."
رۆژی 6ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا سێ هەزار و 181 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە. هەزار و 351یان لە دارستانەکان و هەزار و 830یشیان لە پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ