رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین) دەڵێت، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 136 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون و 145 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
پلاتفۆرمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین) ئامارەکانی تایبەت بە کوشتنی ژنانی لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تەممووزی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
وەک پلاتفۆرمەکە دەڵێت، 136 ژن کوژراون کە 96یان لەلایەن ئەندامێکی پیاوی خێزانەکەیان بووە؛ هەروەها 145 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە شوێنی کوشتنی ئەو 136 ژنە، پلاتفۆرمەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 1%یان لەنێو ئۆتۆمبێل، 1%یان لەنێو ئاو یان لە کەناردەریا، 3%یان لە چۆڵەوانی، 4%یان لە شوێنە گشتییەکان و 4%یان لە شوێنی کار، 15%یان لە شەقام و 65%یشیان لە ماڵەکانیان کوژراون؛ 7%یان شوێنی کوشتنەکەیان دەستنیشان نەکراوە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمەکە، ئەو ژنانەی کوژراون، زیاتر تەمەنیان لە نێوان 36 بۆ 65 ساڵ بووە.
پلاتفۆرمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین) هۆکاری کوشتنی زۆربەی ژنەکان بۆ "دۆخی زەحمەتیی ئابووری'' گەڕاندووەتەوە.
لەبارەی چۆنییەتی کوشتنیان، پلاتفۆرمەکە دەڵێت، 57%یان بە دەمانچە، 26%یان بە چەقۆ و ئامێری تیژ، 8%یان بە خنکاندن، 4%یان بە لێدان و بەکارهێنانی تووندوتیژی، 2% بە سووتاندن کوژراون، هەروەها کوشتنی 1%یان دەستنیشاننەکراوە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمەکە پار، 394 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژران و 259 ژنیش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ