رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، نابێت رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیادا پەراوێز بخرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''دەبێت دەوڵەت رێکار بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بەربەستێک بگرێتەبەر کە دێتە بەردەم پرۆسەکە.''
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ''حکومەتی تورکیا وەکو سیاسەتێکی دەوڵەت سەیری پرۆسەکە دەکات. کەواتە لەسەر دەوڵەت پێویستە رێکاری پێویست بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە بەربەستێک، کە دێتە بەردەم پرۆسەکە، بگرێتەبەر.''
دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، نابێت رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لیژنەکە پەراوێز بخرێت. گوتیشی، ''پێویستە هەموو ئەندامانی لیژنەکە دیالۆگیان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا هەبێت.''
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
گوتەبێژی دەم پارتی لەمبارەیەوە گوتی، ''ئەگەر رۆڵی بەڕێز ئۆجەلان پەراوێز بخرێت، چۆن پرۆسەی چەکدانان بەردەوام دەبێت؟ چۆن ئەو دۆخە بێ شەڕ و تووندوتیژییەی هەیە بەردەوامی پێ دەدرێت؟''
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
هەروەها لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ