رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، لە پرۆسەی چارەسەریدا هیچ ''دانوستاندنێک'' لە نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و پەکەکەدا نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری ''پرۆژەی ئیسرائیل و هێزە داگیرکەرەکان تێکدەدات.''
مستەفا کاڵایجی، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە شەوی رابردوو لە گوتەیەکدا لە کۆنیای تورکیا، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، ''بە هەنگاوەكانی سەرکردەمان، دەوڵەت باخچەلی و بە خاوەندارێتی سەرۆککۆمارمان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و بە دڵنیاییەوە سەردەكەوێت.''
کاڵایجی گوتی، لە پرۆسەکەدا هیچ ''دانوستاندنێک'' لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکومەتی وڵاتەکەی نەکراوە.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، پرۆسەکەی بە ''پرۆژەی دەوڵەت'' ناوبرد و گوتی، ''ئامانجێكە بە تەواوی پرۆژەی ئیسرائیل و هێزە داگیرکەرەکان تێكدەدات. سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە، تورکیا دەکاتە هێزێکی جیهانی.''
ئەو قسەیەی کاڵایجی لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتەکە چەندین جار گوتوویەتی، ئیسرائیل دەیەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
1ـی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5ـ-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
هەروەها لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ