لیژنەی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا گوێ لە سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمان دەگرێ

23-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی (پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) کە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمان کۆببێتەوە و گوێ لە بۆچوونەکانیان بگرێت.
 
لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا (لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا، بڕیارە لە رۆژانی 27 و 28ـی ئاب، شەشەمین و حەوتەمین کۆبوونەوەی خۆی بکات. 
 
کۆبوونەوەکەی رۆژی 27ـی مانگ بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. لەو دانیشتنەدا، 11 سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرۆسەکە دەخەنەڕوو.
 
لە دانیشتنی رۆژی 28ـی مانگیشدا نوێنەرانی یەکێتیی سەندیکاکانی پارێزەرانی تورکیا ئامادە دەبن. یاساناسان لەسەر بنەمای نموونە جیهانییەکان پێشنیازی خۆیان پێشکێش دەکەن و تێڕوانینی خۆیان لەبارەی هەموارە یاساییەکانەوە دەخەنەڕوو.
 
لیژنەکە پێنج کۆبوونەوەی کردووە و تێیاندا گوێی لە چەندین توێژ گرتووە، لەوانەش دایکانی ئامەد، دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی؛ هەروەها نوێنەرانی چەندین رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە