رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئاییندە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی لە پرۆسەی چارەسەریدا، پێشنیازێکی نوێی خستەڕوو و رایگەیاند، دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە رێگەی ئۆنلاینەوە راستەوخۆ قسە بۆ کۆمیسیۆنی پەرلەمان بکات، نەک شاندێک سەردانی بکات.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت، پرۆسەکە تەنیا بە ئیرادەی حکومەت بەڕێوەناچێت و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە فراوانی بەشداریی تێدا بکەن.
سەرۆکی پارتی ئاییندە رەخنەی لەوە گرت کە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر پرسی سەردانیکردنی ئیمراڵی قەتیس ماون و رایگەیاند، "لە کاتێکدا دۆسیەی زۆر گرنگ لەبەردەم لیژنەکەدایە، وەک ئامادەکارییە یاساییەکان و بەکۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەکە، گفتوگۆکان نزیکەی بە تەواوی بۆ سەردانی ئیمراڵی کورتکراونەتەوە."
سەرۆکی پارتی ئاییندە ئاشکرای کرد، کاتێک کێشەی بەشدارینەکردنی جەهەپە لە شاندەکە هاتە ئاراوە، ئەوان رێگەیەکی نوێیان پێشنیاز کردووە. گوتی، "پێشنیازمان کرد ئۆجەلان تەنیا بۆ چەند کەسێک نا، بەڵکو لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگەوە بە ئۆنلاین رووبەڕووی هەر 51 ئەندامی لیژنەکە قسە بکات. ئەو پێشنیازە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پشتگیری لێکرا، بەڵام دەسەڵات لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو."
بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا، داوودئۆغڵو میکانیزمێکی نوێی خستەڕوو و گوتی، "با شاندی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی بکەن و کۆبوونەوەکانیان بکەن. بەڵام هەر کە کۆبوونەوەکە تەواو بوو، با لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە لیژنەکەوە ببەسترێتەوە. با ئۆجەلانیش پەیامە روونەکانی خۆی سەبارەت بە یەکپارچەیی تورکیا و پەیوەندییەکانی تورک و کورد راستەوخۆ بدات."
سەبارەت بەو پەیامەی کە چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان بیدات، داوودئۆغڵو گوتی، "دەبێت بە راشکاوی بڵێت کە بەرگری لە یەکپارچەیی تورکیا دەکات نەک دابەشبوونی، تورک و کورد لێک جیاناکرێنەوە و هیچ هێزێکی ناوچەیی نابێت کورد دژی تورکیا بەکاربهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ