جەمیل بایک: تاوەکو ئۆجەلان ئازاد نەبێت پرۆسەکە پێشناکەوێت

24-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی کەجەکە رایگەیاند، ئەوان داوای یاسای لێبووردنی گشتی ناکەن، بەڵکو داوای یاسای ئازادی و دیموکراسی دەکەن. دەشڵێت، "ئەو هەنگاوانەی دەبوو بیانێین، ناومانە و چیدی هەنگاوی تاکلایەنە نانێین."
 
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری پێشبکەوێت، "پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بێت و مەرجەکانی کارکردنی بۆ دابین بکرێت و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێنرێتەوە."
 
بایک جەختی کردەوە پەکەکە و ئۆجەلان ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە میللـەت جێبەجێ کردووە و گوتی، "دەوڵەتی تورکیا تەنیا کەمێک گۆشەگیریی کەمکردووەتەوە و هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە گۆشەگیریی هەڵگرتووە. تاوەکو گۆشەگیری بەردەوام بێت، ناتوانرێت هەنگاوی نوێ بنرێت."
 
هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئەو هەنگاوانەمان ناون کە پێویست بوو بیاننێین، ئێستا نۆرەی دەوڵەتە هەنگاو بنێت. هەنگاوی تاکلایەنەمان نەماوە و چاوەڕێی هەنگاوی حکومەت و دەوڵەتین."
 
جەمیل بایک ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەردۆغان کرد و گوتی، "هەندێک لایەنی ئەرێنی تێدابوو، بەڵام چاوەڕوانییەکانی پڕنەکردەوە و هەمووانی لە دەرەوەی پرۆسەکە هێشتەوە." هەروەها ئۆپەراسیۆنەکەی سەر جەهەپەشی بە "هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە" وەسفکرد.
 
لەبارەی داواکارییەکانیانەوە، بایک گوتی، "ئێمە داوای یاسای لێبووردن ناکەین، بەڵکو داوای دەرکردنی یاسای ئازادی و دیموکراسی بۆ هەموو گەلان دەکەین. ئەگەر هەنگاوی لەم شێوەیە بنرێت، ئەوکات ئێمەش وەڵاممان دەبێت. جگە لەمە هیچ سەپاندنێک قبووڵ ناکەین و پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت."
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەممووزی 2025، لە رێوڕەسمێکدا 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە یەکێک بوو لەوان.
 
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێ.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە