درۆنێکی تورکیا ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوە تۆمار دەکات

24-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەوەی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار TB2T-AI کە بە ژیریی دەستکرد هێزی بزووێنەری تۆربۆ پڕچەک کراوە، لە پۆلێنی خۆیدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە فڕیندا تۆمار کرد.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئابی 2025، کۆمپانیای بایکار رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە "تاقیکردنەوەی دەستنیشانکردنی سیستمی بەرزی و کارایی"دا توانیویەتی بگاتە بەرزیی 40 هەزار و 23 پێ، بەمەش ژمارەی پێوانەیی نوێی لە پۆلێنی خۆیدا شکاندووە.
 
بایراکتار TB2T-AI، بەراورد بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێستا، توانای زۆر خێراتری لە بەرزبوونەوە و مانەوەی لە بەرزیدا هەیە.
 
فڕۆکەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر و بە شێوەیەکی کاریگەرتر لە گۆڕەپانی شەڕدا ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
 
بایراکتار TB2T-AI بەهۆی ئەوەی سێ سۆفتوێری ژیریی دەستکردی تێدا جێگیرکراوە، توانای خودکاری باڵا لە شەڕی ئاسمانیدا پێشکێش دەکات.
 
هەروەها ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە توانای ئەوەی پێدراوە کە لە سەختترین ژینگەکانى شەڕی ئەلیکترۆنیدا، بەپشتبەستن بە نەخشەی بینراوی زەوی، رێڕەوی خۆی دیاری بکات.
 
سیستمە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد وا دەکەن فڕۆکەکە شیکردنەوە بۆ ئامانجەکان بکات، دەستنیشان و دیارییان بکات. هەروەها بە شێوەی بینراو فڕگەکان دەناسێتەوە و بە شێوەیەکی خۆکار (ئۆتۆماتیکی) دەنیشێتەوە و دەفڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت پلانی دینامیکی بۆ گونجاوترین رێڕەوی فڕین دابنێت.
 
کۆمپانیای بایکار خاوەنی 10 جۆر درۆنی هەواڵگریی، چاودێری و شەڕکەرە. بەنێوبانگترینیان درۆنەکانی Bayraktar TB-2 کە پڕ فرۆشترینیانە و لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان، لیبیا، هەرێمی قەرەباخی ئازەربایجان، ئۆکراینا (شەڕی رووسیا-ئۆکراینا) تاقیکراونەتەوە.
 
لە چوارچێوەی پیشەسازیی بەرگریدا، تورکیا خاوەنی ئەم جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چاودێر، هەواڵگری و شەڕکەرانەیە:
 
Bayraktar Mini İHA
Bayraktar Dikey Kalkışlı İHA
Baykar Cezeri
Malazgirt Helikopter İHA
Baykar Bayraktar TB-2
Baykar Bayraktar TB2T-AI
Baykar Bayraktar TB-3
Bayraktar DİHA
AKINCI TİHA
Kızılelma
TUSAŞ Anka
TUSAŞ Anka-Aksungur
Hurkuş
STM Kargu
ALPAGU
Alpagu Togan 
Deli İHA
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە