هاوسەرۆکی دەم پارتی: گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، گۆشەگیرییە لەسەر ئاشتیی 86 ملیۆن مرۆڤ

24-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری وان لە باکووری کوردستان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، گۆشەگیرییە لەسەر ئاشتی. داواشی کرد دەستبەجێ ئەو گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت و رێگە بدرێت ئۆجەلان رۆڵ لە پرۆسەی چارەسەریدا ببینێت.
 
رۆژی شەممە 23-08-2025 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، لە گوتارێکدا لە شاری وان، رەخنەی تووندی لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا گرت و گوتی، لە کاتێکدا لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کار دەکات، کەچی دەرگاکانی ئیمراڵی بەڕووی دیدارەکاندا داخراون.
 
باکرهان دەپرسێت، "لە 25ی تەممووزەوە دیدارەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان لە نەمان نزیکبووەتەوە. بۆچی؟ ئایا دەرگاکانی ئیمراڵی وەکو شێرەی دەستی ئێوەیە؟ مانگێک دەیکەنەوە و مانگێک دایدەخەن؟ ئایا بەم شێوەیە خاوەندارێتی لەم پرۆسەیە دەکەن و ئاشتی بەدیدەهێنن؟ ئەم شێوازە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر بەڕێز ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێت، گۆشەگیرییە لەسەر ئاشتی. گۆشەگیرییە لەسەر هەموومان، لەسەر هیوای ئاشتیی 86 ملیۆن مرۆڤ." جەختیشی کردەوە، ئەگەر گۆشەگیری هەڵبگیرێت، "گرێکوێرەی ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرێتەوە."
 
سەبارەت بە لیژنەی چارەسەری کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تونجەر باکرهان رایگەیاند، پێویستە لیژنەکە "بە کردەوە قسە بکات، نەک بە قسە" و داوای کرد، "دەبێت لیژنەکە بە زووترین کات چاوی بە بەڕێز ئۆجەلان بکەوێت، بیروڕاکانی سەبارەت بەم پرۆسەیە وەربگرێت و لەگەڵ کۆمەڵگەدا هاوبەشی بکات."
 
لیژنەی (پاڵپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە و تاوەکو ئێستا پێنج کۆبوونەوەی کردووە.
 
لیژنەکە رۆژی 27ی ئەم مانگە، شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات.
 
ئەگەرچی بڕیاردراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام دەکرێ بەگوێرەی پێویست ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
 
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.
 
باکرهان بانگەوازی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد و گوتی، "رەنگە بیروڕامان جیاواز بێت، بەڵام پێویستە هەموومان لەسەر ئاشتی کۆک بین." لەبارەی داواکارییەکانی کوردیشەوە گوتی: "کورد چی دەوێت؟ دیموکراسی، ئازادی و بوون بە هاووڵاتیی بەکەرامەت. دەیانەوێت پێکەوە بە یەکسانی بژین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە