فاتیح ئەربەکان: گەورەترین چاکەی ئەردۆغان ئەوەیە لە 2026 هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات

24-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ داوا دەکات لە ساڵی 2026 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بکرێت و دەڵێت، ئەوە "گەورەترین چاکەیە" کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەتوانێت پێشکێشی گەلی بکات. فاتیح ئەربەکان حکومەتی وڵاتەکەی بەوەش تۆمەتبار کرد کە لە هاوکاریکردنی کەرتی غەززەدا "لە ئیسپانیاش بێتواناترە".
 
رۆژی شەممە (23-08-2025)، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە پارێزگای چۆروم، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکپارتی، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەوە.
 
ئەربەکان رایگەیاند، "سنووری برسیێتی گەیشتووەتە 27 هەزار لیرە (نزیکەی 660 دۆلار)، بەڵام مووچەی خانەنشینی 14 هەزار و 469 لیرەیە (نزیکەی 354 دۆلار). سنووری هەژاری نزیک بووەتەوە لە 90 هەزار لیرە (نزیکەی 2200 دۆلار)، کەچی کەمترین کرێ 22 هەزار و 100 لیرەیە (نزیکەی 540 دۆلار)". 
 
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە پشتبەستن بەو داتایانە دەڵێت: "لە تورکیا 45٪ی خەڵک برسین و 85٪یشیان هەژارن. قەرزی کارتی بانکیی هاووڵاتیان گەیشتووەتە 2 تریلیۆن و 385 ملیار لیرە (زیاتر لە 58 ملیار دۆلار) و لە ماوەی یەک ساڵدا بە رێژەی 55٪ زیادیکردووە. کۆی قەرزی هاووڵاتیانیش 4.8 تریلیۆن لیرەی (زیاتر لە 117 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە."
 
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ حکومەتی بە کەمتەرخەم لەقەڵەمدا بەرامبەر دۆخی غەززە و گوتی: "بەداخەوە برا غەززییەکانمانیان بە تەنیا بۆ چارەنووسی خۆیان جێهێشتووە رووبەڕووی دەسەڵاتێک بووینەتەوە کە بێتوانایە لە گەیاندنی پارووە نانێک و دڵۆپە ئاوێک، لە کاتێکدا حکومەتی ئیسپانیای کریستیان بە پەڕەشووت هاوکاری فڕێدەدات."
 
فاتیح ئەربەکان بەراوردی هەڵوێستی تورکیا و هۆڵەندای کرد و پرسی: "لە چی دەترسن؟ بۆچی ناتوانن هێندەی ئیسپانیا بن؟ لە هۆڵەندا 9 وەزیر دەستیان لەکارکێشایەوە چونکە سزای نوێیان بەسەر ئیسرائیلدا نەسەپاند. جگە لە گوتاری حەماسی و پەیامی سەرکۆنەکردن، هیچ هەنگاوێکی کرداری نانرێت. ئایا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڵێنێکتان داوە یان هەڕەشەتان لێکراوە؟"
 
فاتیح ئەربەکان جەختی کردەوە حکومەت لەبری چارەسەر "بووەتە سەرچاوەی کێشەکان" و گوتی: "گەورەترین چاکەیەک کە ئەم حکومەتە دەتوانێت پێشکێشی گەل بکات، ئەوەیە کە لە بەهاری ساڵی 2026دا سندووقی هەڵبژاردنی پێشوەختە بخاتە بەردەم گەل."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە