ئاکپارتی روونیدەکاتەوە: لێبووردنی گشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناگرێتەوە

24-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایدەگەیێنێت، زۆرینەی خەڵکی تورکیا پشتگیری لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن، بەڵام نیگەرانن لەوەی لێبووردنی گشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بگرێتەوە. ئاکپارتی روونیدەکاتەوە و دەڵێت: "شتێکی وا روونادات".
 
رۆژنامەی "تورکیا"ی نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتە، راپۆرتێکی لەسەر بنەمای کاری مەیدانیی بەرپرسانی ئاکپارتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا بۆچوونی شەقامیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری وەرگرتووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئاکپارتی لەژێر ناوی "دیدارەکانی تورکیا"دا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ هاووڵاتیان کردووە، کە تەوەری سەرەکییان پرۆسەی چارەسەری بووە، کە حکومەت بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
 
ئەنجامی کارە مەیدانییەکە دەریخستووە کە زۆرینەی کۆمەڵگە پاڵپشتیی چەکدانانی پەکەکە دەکەن، بەڵام گەورەترین نیگەرانییان ئەوەیە کە پرۆسەکە بە دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆتایی بێت.
 
بەرپرسانی ئاکپارتی لە راپۆرتەکەیاندا نووسیویانە: "بۆ هەر کوێیەک دەچین، پرسیاری 'ئایا لێبووردن ئۆجەلان دەگرێتەوە؟' رووبەڕوومان دەبێتەوە. ئێمە روونی دەکەینەوە کە شتێکی وا لە ئارادا نییە و لە داهاتووشدا روونادات. لە کۆتایی پرۆسەکەدا هەمووان دەبینن کە لێبووردن ئۆجەلان ناگرێتەوە. هەر خودی ئەویش نایەوێت ئیمراڵی جێبهێڵێت."
 
ئاکپارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە "هیچ جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ رێکخراوەکەدا (پەکەکە) لە ئارادا نییە" و دەڵێن، "دەوڵەت بەوپەڕی هەستیارییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبات."
 
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، بەرپرسانی ئاکپارتی بە هاووڵاتیانیان گوتووە، سەرکەوتنی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووری دەبێت و "هێزی کڕین زیاد دەکات". ئاماژەیان بەوەش کردووە کە زۆرترین سکاڵای هاووڵاتیان لەبارەی کەمیی مووچەی خانەنشینییەوە بووە.
 
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد. دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. پەکەکەش لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو