رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنگرەی نائاسایی رێکخستنەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ، ئۆزگور چەلیک جارێکی دیکە بە سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئەو پارتە لە شارەکە هەڵبژێردرایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، کۆنگرە نائاساییەکە لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەکانی سولەیمان سەبای سەر بە شارەوانیی بێشیکتاش بەڕێوەچوو. گۆکهان گونایدن، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە گوتاری دەستپێکی کۆنگرەکەی پێشکێشکرد و گۆکهان زەیبەک، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکەش بە سەرۆکی دیوانی کۆنگرە هەڵبژێردرا.
ئۆزگور چەلیک، لە گوتارێکدا رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا کۆنگرەی ئاسایی خۆیان تێیدا باسی کار و چالاکییەکانی دوو ساڵی رابردوویان دەکەن.
چەلیک، گوتیشی، "لە جەهەپەدا ناکۆکیی ناوخۆیی نییە. لە لایەک 3-5 کەسی هاوکار هەن کە خۆیان رادەستی دەسەڵات کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، هەروەک لەم هۆڵەدا دەبینرێت، سەربازانی جەهەپە هەن کە بۆ بەرگری لە پارتەکەیان یەکیانگرتووە."
لە کاتێکدا کۆنگرە بەردەوام بوو، فەرمانبەرانی دادنووسی 6ـی ئیستەنبووڵ، بۆ گەیاندنی بڕیارێکی 45ـەمین دادگەی بنەڕەتیی ئیستەنبووڵ، گەیشتنە ناوەندی کۆنگرە. دوای گفتوگۆیەکی درێژ، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (YSK) بڕیاریدا کۆنگرەکە بەردەوام بێت و فەرمانبەرانی دادنووسی شوێنەکەیان جێهێشت.
دوای گوتارەکان، ئەندامانی کۆنگرە لە شوێنی دیاریکراودا دەنگیان دا. لە هەڵبژاردنەکەدا کە 583 ئەندامی کۆنگرە مافی دەنگدانیان هەبوو، 414 کەس دەنگیان دا. 389 دەنگ بە دروست و 25 دەنگیش بە پووچەڵ هەژمار کران.
ئۆزگور چەلیک، کە تاکە بەربژێر بوو، بە بەدەستهێنانی 386 دەنگ بە سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ