تورکیا
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری شرناخ دەردەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، ساڵی داهاتوو نەوتی گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، 10٪ـی پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا بۆ وزە، پڕدەکاتەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) محەممەد شیمشەک، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخ بەردەوامە و بەپێی ئەو پلانەی دامەزراوەی نەوتی تورکیا (TPAO) کاری لەسەر دەکات، ئاستی بەرهەمەکەی لە ساڵی 2024ـدا 10٪ـی پێداویستییەکانی تورکیا بە وزە پڕدەکاتەوە. لە ساڵی 2026ـیشدا رێژەکە دەگاتە 18٪.
رۆژی 6ـی تەممووزی 2023، دامەزراوەی نەوتی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرھەمی رۆژانەی نەوت، گەیشتووەتە 70 ھەزار و 76 بەرمیل، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش دەگاتە 90 هەزار بەرمیل و ساڵی داهاتووش 100 هەزار بەرمیل.
لە سەرەتای مانگی ئایار، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، کێڵگەیەکی نەوتی لە جودی/گابار دۆزراوەتەوە، کە توانای ھەیە رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنێت.
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت دۆزراوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لەو سنوورە دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە پارێزگای ئیلێهـ لە باکووری کوردستان بەمەبەستی پاڵاوتن.
ئەو یەدەگی نەوتە لە هەشت بیری هەڵکەندراو لە رێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە. کار لەسەر شەش بیری دیکە لە هەمان ناوچەدا دەکرێت و لە کۆی کاراکردنی ئەم 14 بیرە نەوتە، دەکرێ رۆژانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێندرێت.
رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتی قەسرکی پارێزگای شرناخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە ئێلێهـ بۆ ئەوەی لەوێ بپاڵێورێت.
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرناخ، سێرت، جۆلەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ