تورکیا
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا دەڵێت، "تەرمی 16 کۆچبەری نایاسایی و تەرمی قاچاخچییەک دۆزراوەتەوە"
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە نزیک بۆدرومی تورکیا لە دەریای ئیجەدا خنکان، بۆ 17 کەس بەرزبووەوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، 17 کۆچبەر بەهۆی نوقمبوونی بەلەمە چووپەکەیان لە دەریای ئیجە لە کەناراوەکانی شاری بۆدروم لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە خنکاون.
لە راگەیێندراوێکی هێزەکەدا هاتووە، "تەرمی 16 کۆچبەری نایاسایی و تەرمی قاچاخچییەک دۆزراوەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کۆچبەر رزگار کراون.
پێشتر دامودەزگا خۆجێییەکان گیانلەدەستدانی 14 کەسیان راگەیاندبوو، بەبێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکەن.
دامودەزگاکانی پارێزگای موغڵا دەڵێن، یەکێک لە سەرنشینەکان کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەکاتی ئەنقەرە کە هەمان کاتی هەولێرە، توانیویەتی پەیوەندی بە هێزەکانی فریاکەوتنەوە بکات.
یەکێک لە دوو رزگاربووەکە کە کۆچبەرێکی خەڵکی ئەفغانستانییە، رایگەیاند، شەش کاژێر مەلەی کردووە تاوەکو گەیشتووەتە وشکانی.
ئەو کۆچبەرە هەروەها گوتی، دوای نزیکەی 10 خولەک لە دەرچوونیان، بەلەمەکەیان کون بووە و نوقم بووە.
شاری گەشتیاریی بۆدروم لە چەندین دوورگەی یۆنانییەوە نزیکە، لەنێویاندا دوورگەی کۆس کە یەکێکە لە دەروازەکانی رۆیشتن بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا لە دەریای ئیجەوە.
مەودای نێوان دوورگەی کۆس و تورکیا کەمترە لە پێنج کیلۆمەتر.
ژمارەیەک لەو بەلەمانەی کۆچبەران دەگوازنەوە، لەم گەشتە مەترسیدارانەی بەرەو دوورگەکانی یۆنان، نوقم دەبن.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە ساڵی 2025، هەزار و 400 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.
تورکیا، کە لە ساڵی 2016 بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسایی بەرەو یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێکی لەگەڵ برۆکسل واژۆ کرد، بەپێی ئاماری دامودەزگەکان، میوانداریی زیاتر لە 2.5 ملیۆن پەنابەر دەکات، کە زۆربەی هەرە زۆریان سووریایین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ