کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: هیچ کوردێک لەو بەلەمەدا نەبووە لە ئیجە نقوم بوو

24-10-2025
زانیار بەهادین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا دەڵێت، هیچ سەرنشینێکی ئەو بەلەمە کورد نەبووە کە لە کەناراوەکانی تورکیا نقوم بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، کۆچبەرانی کورد ئێستا لەبری تورکیا، زیاتر رێگەی تونس و لیبیا بەکاردەهێنن.
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێگەی نوێنەری کۆمەڵەکەیانەوە لە یۆنان، بەدواداچوونیان کردووە و بۆیان روون بووەتەوە کە هیچ کوردێک لەو بەلەمەدا نەبووە لە دەریای ئیجە لەنزیک شاری موغڵا نوقم بووە.
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و سەرجەمیان ئەفغانستانی بوون.
 
دەریای ئیجە چەندین ساڵە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی پەڕینەوەی کۆچبەرانی کورد بۆ گەیشتنە ئەورووپا، بەڵام بەکر عەلی گوتی، "کۆچبەرانی کورد ئێستا رێگەیان گۆڕیوە و زۆرینەیان لە رێگەی تونس و لیبیاوە هەوڵی گەیشتنە ئەورووپا دەدەن."
 
24ی تشرینی یەکەمی 2025 پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، 17 کۆچبەر بەهۆی نوقمبوونی بەلەمە چووپەکەیان لە دەریای ئیجە، لە کەناراوەکانی شاری بۆدروم لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە خنکاون.
 
لە راگەیێندراوێکی هێزەکەدا هاتووە، "تەرمی 16 کۆچبەری نایاسایی و تەرمی قاچاخچییەک دۆزراوەتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کۆچبەر رزگار کراون.  
 
یەکێک لە دوو رزگاربووەکە کە کۆچبەرێکی خەڵکی ئەفغانستانییە، رایگەیاند، دوای نزیکەی 10 خولەک لە دەرچوونیان، بەلەمەکەیان کون بووە و نوقم بووە، شەش کاژێر مەلەی کردووە تاوەکو گەیشتووەتە وشکانی. 
 
شاری گەشتیاریی بۆدروم لە چەندین دوورگەی یۆنانییەوە نزیکە، لەنێویاندا دوورگەی کۆس کە یەکێکە لە دەروازەکانی رۆیشتن بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا لە دەریای ئیجەوە. مەودای نێوان دوورگەی کۆس و تورکیا کەمترە لە پێنج کیلۆمەتر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکدا بۆ تورکیا: ئارامیی سووریا ئارامیی ئێوەیە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، قۆناخی ئێستا قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکراسییە و ئامادەیی خۆیانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا دەربڕی