شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئۆجەلان دەکات

24-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دوورگەی ئیمراڵی، ئەو شوێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا زیندانی کراوە.
دوورگەی ئیمراڵی، ئەو شوێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا زیندانی کراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژەڤی سیاسەت لە تورکیا و باکووری کوردستان گەرمە؛ سەردانی شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی لە دووشەممەدا رۆژڤی گەرمتری کرد. 
 
ئەندامانی شاندەکە پێکهاتوون لە گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ فەتحی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، لە ئیستەنبووڵەوە بە هێلیکۆپتەر بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن. 
 
پێش بەڕێکەوتنیان فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، خودایە، بمانکە بە کلیلی خێر و قوفڵی شەڕ. 
 
لە دەنگدانەکەی رۆژی هەینی رابردووی کۆمیسیۆنەکەدا کە بۆ سەردانی شاندێکی کۆمیسیۆنەکە دەنگدان کرا، جەهەپە رەتیکردەوە ئەندامی بچێتە ئیمراڵی. دوای جەهەپە، فراکسیۆنی رێگەی نوێ ـش رایگەیاند، هیچ ئەندامێکی ئەوانیش لە شاندەکەدا نابێ.
 
موراد قەرەیڵان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەهۆی ئەو بڕیارەیەوە رەخنە لە جەهەپە دەگرێ.
 
قەرەیڵان لە دیمانەیەکدا گوتی: "بەڕای من جەهەپە هەڵەی کرد. ئەم هەڵوێستەی جەهەپە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە. بەم هەڵوێستەی، ئەو وێنەیەی پووچەڵکردەوە کە لە ساڵانی رابردوودا نیشانی دابوو. جەهەپە بانگەشەی ئەوەی هەبوو خۆی دەکاتە پارتی هەموو تورکیا، بە کوردیشەوە. ئەگەر راستى نەکەنەوە، خۆیان زیان دەکەن."
 
ئاکپارتی کە 23 ساڵە تورکیا بەڕێوە دەبات و زیاتر لە 7 ساڵە لەگەڵ مەهەپەدا هاوپەیمانیی جمهوریان پێکهیناوە، بە پێداگرییەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکەن. 
 
ئەحمەد بویوکگوموش، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت، "تورکیا 40 ساڵە لە بابەتی تیرۆردا رووبەڕووی بەڵایەک بووەتەوە. لە 40 ساڵدا بەهۆی تیرۆرەوە بڕی 2 ترلیۆن دۆلارمان لەدەست داوە، لەبری ئەوەی بۆ خەڵکەکەمان خەرجی بکەین. لەم چوارچێوەیەدا شایەتی ئەوە دەدەین کە ساڵانە 50 ملیار دۆلار دەبێتە قوربانیی تیرۆر، لەکاتێکدا ئەمە دەبوو بگاتە دەستی گەلەکەمان."
 
شاندی کۆمیسیۆنەکە لە ئیمراڵی گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێ. تۆماری کۆبوونەوەکە بۆ 10 ساڵ بە نهێنی دەهێڵرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی تورکیا رێگریکردن لە کاروانێکی 25 بارهەڵگریی هاوکاری بۆ کۆبانێ دەکاتە رۆژەڤ

جەهەپە رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ دەباتە پەرلەمان

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی تورکیا رێگریکردن لە کاروانێکی 25 بارهەڵگریی هاوکاری بۆ کۆبانێ دەکاتە رۆژەڤ. ئەو دەڵێت، هاوکارییەکان شیر، ئاو و دایبی بوون و لەلایەن پارێزگارەوە رێگرییان لێکراوە