رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆغان دەمیر، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە بازنەی ئیستەنبووڵ چووە ریزەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە لە پەرلەمان بۆ 139 کورسی بەرزبووەوە.
لە پێنج مانگی رابردوودا 4 پەرلەمانتاری سەربەخۆ چوونە ریزەکانی جەهەپە. ئەمڕۆ سایتی فەرمیی پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکارییەکانی دابەشکاریی کورسییەکان لە پەرلەمان بڵاوکردەوە.
دۆغان دەمیر، لە رۆژی 11ـی تەممووزی 2025، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داوودئۆغڵو راگەیاندبوو و وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمان کاری دەکرد، لە دوایین کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە، کە رۆژی 18ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، بەفەرمیی چووە ریزەکانی جەهەپە.
پێش دەمیر، هەر یەک لە ئومید دیکبایر، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ساکاریا؛ ئێڤریم رزڤانئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبووڵ و جەم ئاڤشار، پەرلەمانتاری سەربەخۆی تەکیرداغ چوونە ریزەکانی جەهەپە و بەوەش ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارتە لە 135ـەوە بۆ 139 کورسی بەرزبووەوە.
بەهۆی کۆچی دوایی حەسەن بیتمەز، پەرلەمانتاری کۆجائێلیی پارتی سەعادەت و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، هەروەها بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی شەرەفەدین جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری هاتای پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و دەستلەکارکێشانەوەی موراد کوروم، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵی ئاکپارتی کە وەک وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا دەستنیشانکرا، لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی بورجو کۆکساڵ، عەبدولڕەحمان توتدەرە، حەسەن بالتاجی و ئەحمەد ئۆناڵ، پەرلەمانتارانی جەهەپە کە وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردران، کۆی گشتیی ژمارەی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی تورکیا لە 600ـەوە بۆ 592 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیا:
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی): 272
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): 139
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی): 56
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە): 47
ئیی پارتی: 29
پارتی رێگەی نوێ: 21
سەربەخۆ: 10
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ: 4
پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار): 4
پارتی کرێکارانی تورکیا: 3
پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە): 2
پارتی رەنج: 2
پارتی سەعادەت: 1
پارتی چەپی دیموکرات: 1
پارتی دیموکرات: 1
کۆی گشتی: 592
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ