ئۆزگور ئۆزەل: پرسی کورد دەبینین و دانی پێدا دەنێین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە بەردەم گرتووخانەی سیلیڤرییەوە رایگەیاند، ئەوان پرسی کورد دەبینین و دان بە بوونیدا دەنێن، پشتگیریش لە چارەسەریی سیاسییانەی دەکەن. هاوکات داوای لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد لە مانگی ئاداردا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-12-2025 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەردانی گرتووخانەی مەڕمەڕەی سیلیڤری کرد لە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ بەرپرسە زیندانیکراوەکانی پارتەکەی، بەتایبەتی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کۆبووەوە.
 
دوای دیدارەکان، ئۆزەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و تیشکی خستە سەر کارەکانی "لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمان پێکهێنراوە.
 
سەبارەت بە پرسی کورد، ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "ئێمە پرسی کورد دەبینین و دان بە بوونیدا دەنێین. بۆ چارەسەرییەکەشی بەڵێنی دیموکراسی دەدەین. لەو لیژنەیەدا [لیژنەی پەرلەمان] پێشنیازی پاکێجی سیاسیی دەکەین."
 
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، بە وردی ئەو دەقانە دەخوێننەوە کە پارتەکانی دیکە پێشکێشی دەکەن و گوتی: "ئەگەر راپۆرتێکی هاوبەش بێتە ئاراوە کە بتوانین لەسەری رێکبکەوین، ئێمە تێیدا بەشدار دەبین."
 
سەبارەت بە دەنگۆی دەرچوونی لێبووردنی گشتی، ئوزەل رەتیکردەوە لە راپۆرتەکانی لیژنەکەدا پێشنیازێکی لەو شێوەیە هەبێت.
 
سەرۆکی جەهەپە گوتی: "بابەتی لێبووردن پێویستی بە رێککەوتنی کۆمەڵایەتی هەیە. جەهەپە لەنێو هەموو هەنگاوێکدا دەبێت کە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بێت؛ بەڵام پشتگیری لە هیچ شتێکی هەڵە ناکات."
 
سەرۆکی جەهەپە جارێکی دیکە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و رایگەیاند، لە داواکارییەکەیان پاشگەز نابنەوە.
 
ئۆزەل رووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی: "رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەموو شوێنێک قسە دەکات و وەڵامی قسەکانم دەداتەوە. گەل تۆی ناوێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، دەرفەتی راستەوخۆت هەیە ببیتە بەربژێر. با لە مانگی ئاداردا بیکەین."
 
سەبارەت بە دیاریکردنی کەمترین مووچە بە 28 هەزار و 75 لیرە (نزیکەی 655 دۆلار)، ئۆزەل رەخنەی تووندی لە حکومەت گرت و ئەردۆغانی بە بەرپرسیاری یەکەم زانی.
 
ئۆزەل گوتی: "محەممەد شیمشەک هەرچییەک دەکات، بەهۆی ئەردۆغانەوە دەیکات. لەم وڵاتەدا دەرکردنی فاکتەرە بۆ کەسێکی دیکە جگە لە ئەردۆغان، خزمەتکردنە بە ئەردۆغان. تاوەکو ئەمڕۆ کێ توانیویەتی رووبەڕووی ئەردۆغان ببێتەوە تاوەکو محەممەد شیمشەک بتوانێت؟".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە