سندووقی رەشی فڕۆکە تێکشکاوەکەی سوپاسالاری لیبیا دۆزرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، کە هەردوو ئامێری تۆمارکردنی دەنگی نێو ژووری فڕۆکەوان و سندووقی رەشی (تۆمارکەری داتا) ئەو فڕۆکە تایبەتەیان دۆزیوەتەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سوپاسالاری لیبیا و چوار لە یاوەرانی.
 
رۆژی چوارشەممە 24-12-2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تیمە ئەمنییەکانمان پاشماوەی فڕۆکەکەیان لە ناوچەی هایمەنە لە نزیک ئەنقەرە دۆزیوەتەوە و هەردوو ئامێری تۆمارکردنی دەنگ و داتاکانی گەشتەکە (سندووقی رەش) دەستیان بەسەردا گیراوە؛ پڕۆسەی پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ ئامێرەکان دەستیپێکردووە."
 
لێکۆڵینەوە لە وڵاتێکی بێلایەن دەکرێت
 
عەبدولقادر ئورالۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا، دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بۆ ئەوەی دەرەنجامەکان جێگەی متمانە بن، شیکردنەوەی سندووقی رەشی فڕۆکەکە لە "وڵاتێکی بێلایەن" دەکرێ. جەختیشی کردەوە کە دەرەنجامەکان "بە تەواوی شەفافیەتەوە بۆ گەلەکەمان و هەموو جیهان بڵاودەکەینەوە."
 
فڕۆکەکە لە جۆری فاڵکن 50 بوو، چەند خولەکێک دوای فڕینی لە ئەنقەرە، فڕۆکەوانەکە ئاماژەی "باری نائاسایی" بەهۆی تێکچوونی سیستمی کارەباوە ناردبوو، بەڵام دواتر پەیوەندیی بڕابوو. شارەزایانی فڕۆکەوانی باس لەوە دەکەن کە تەنیا کێشەی کارەبا نابێتە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە، ئەگەری هەیە تێکەڵبوونی چەندین هۆکار و باری کەشوهەوا بووبێتنە هۆی ئەو کارەساتە، رەنگە لێکۆڵینەوەکانیش چەند مانگێکی پێ بچێت.
 
لە رووداوەکەدا، جەنەراڵ محەممەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چوار یاریدەدەری کە لە گەڕانەوە بوون بۆ تەرابلوس دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی تورکیا، گیانیان لەدەستدا. لەناو فڕۆکەکەدا بە کۆی گشتی 8 کەس هەبوون (5 لیبی و 3 ئەندامی دەستەی فڕۆکەوانی).
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ عەبدولحەمید دبێبە، سەرۆکوەزیرانی لیبیا سەرەخۆشیی خۆی و گەلی تورکیای پێگەیاند. دبێبەش لای خۆیەوە خەمباریی قووڵی خۆی بۆ لەدەستدانی سوپاسالاری وڵاتەکەی دەربڕی.
 
ئێستا زیاتر لە 400 کارمەندی فریاگوزاری و پۆلیس و تیمە تەندروستییەکانی تورکیا لە شوێنی رووداوەکە کار دەکەن و لێکۆڵینەوەکان لەلایەن داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە بەردەوامن.
 
لیبیا لە ساڵی 2011ـەوە و دوای رووخانی قەزافی، بەسەر حکومەتی تەرابلوس (کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت) و ئیدارەی رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حەفتەر دابەش بووە. تورکیا پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ حکومەتەکەی دبێبە هەیە، بەڵام لەم دواییانەدا هەوڵیداوە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنەکەی حەفتەریش دروست بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە