رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دادگە لێپێچینەوە لە تەواوی ئەو کەسانە دەکات کە هۆکاری رووداوی سووتانی هۆتێلەکەی بۆڵو بوون.
لە گوتارێکیدا کە ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025، لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاکپارتی لە پارێزگای ئێسکیشەهیر پێشکێشیکرد، ئەردۆغان باسی لە رووداوی سووتانی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵو کرد کە تێیدا 78 کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئۆرگانەکانی دادگە، لێپرسینەوە لەگەڵ یەک بە یەکی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لە گیانلەدەستدانی 78 کەس. پێویستە هەموو کەسێک واز لەو قسانە بهێنێت کە کاری دادگە سەخت دەکەن و تۆمەتی بۆ دروست دەکەن".
لەکاتێکدا سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەڕێوەدەبردرێت و حکومەتیش لەلایەن ئاکپارتی، ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێی سیاسی.
ئەردۆغان بە ناڕاستەوخۆ رووی دەمی لە تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو کرد کە جەهەپەییە و گوتی: "هێشتا تەرمەکان بە خاک نەسپێردرابوون و ماڵباتی قوربانییان لە نێو خەمدا بوون، کەسانێک بە زمانێکی هێرشکارانە، رووداوی سووتانەکەیان کردە کەرەستەی سیاسی. ئێمە ئەوان حەواڵەی ویژدانی مەحشەر دەکەین".
ئەردۆغان هەڵسوکەوت و گوتەکانی ئۆزجان و بەرپرسانی دیکەی جەهەپەی بە دوور لە ئەدەب وەسفکرد و سەرکۆنەی کرد.
کاژێر 03:30ی بەرەبەیانی رۆژی 21-1-2025، ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئاماری دەوڵەت 78 کەس گیانیان لەدەستداوە و 51 کەس بریندار بوون.
هۆتێلەکە دەکەوێتە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفر لە کارتاڵ کایا کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ