رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی شیشلیی ئیستەنبووڵ، تەرمی ژنێکی ئۆزبەکستانی بە پارچەپارچەکراوی و سەربڕدراوی لەنێو حاویەیەکی زبڵدا دۆزرایەوە. رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ رێکخراوەکانی ژنان خۆپێشاندان بکەن.
رووداوەکە کاژێر 20:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 24-01-2026 لە گەڕەکی دوعاتەپە لە ناوچەی شیشلی روویداوە. کرێکارێکی کۆکردنەوەی کارتۆن لەکاتی کارەکەیدا لە شەقامی کویولوباغ، لەنێو حاویەیەکی زبڵدا تەرمەکەی بینیوە و پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە.
تیمەکانی پۆلیس دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە ژنەکە کوژراوە و سەری لە جەستەی جیاکراوەتەوە. پۆلیس دەستبەجێ دەستی بە گەڕان کرد لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی سەری ژنەکە و بەڵگەکانی تاوانەکە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، ژنەکە ناوی دۆردۆنا خکیمۆڤایە و تەمەنی 37 ساڵە، هەڵگری رەگەزنامەی ئۆزبەکستانە.
تەرمی قوربانییەکە بۆ توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی بکەرانی تاوانەکە بەردەوامە.
شێوازی کوشتنی ئەو ژنە ناڕەزایەتیی تووندی لێکەوتووەتەوە. کۆمەڵە فێمینیستەکان لە ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەی کاریگەر لەبارەی دۆسیەکانی کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانە گوماناوییەکان ناکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆ ئەوەی کەسێکی دیکەمان کەم نەکات، بەردەوام دەبین لە هێنانە سەر شەقامی تووڕەییمان."
بڕیارە کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، چالاکڤانانی بواری مافی ژنان لە (پانگاڵتی عوسمانبەی) کۆببنەوە و بەرەو شەقامی کویولوباغ، ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، رێپێوان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ