رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی دەڵێت، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئەرکی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بەجێگەیاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئێستا بەرپرسیارێتیی هەنگاونان، لە ئەستۆی دەسەڵاتە.''
تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) شەوی هەینی، 25ی نیسانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەرکی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بەجێگەیاندووە؛ گوتیشی، ''ئێستا بەرپرسیارێتیی هەنگاونان لە ئەستۆی دەسەڵاتە.''
تەیب تەمەل گوتی، گەلانی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری دوودڵ و نیگەرانن؛ باسی لەوەش کرد، ''دەسەڵات هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەکە نەناوە. بۆیە ئەگەری چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە لاوازە.''
یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتەکە لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، بۆ ئەوەی پەکەکە کۆنگرە ببەستێت، دەبێت حکومەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە رابگرێت و کەشێکی سەقامگیری بۆ دابینبکات.
لە 1ـی تشرینی یەکەمی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن تورکیا بە ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ