رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) هەڵوێستی هاوبەشیان لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا خستەڕوو و رایانگەیاند، بە تێڕوانینی ئەوان تەنیا مەبەستیان ئایندەیەکی دیموکراسیی هاوبەش و یەکسانە بۆ هەمووان و جەختیان لەوەکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە تەنیا بە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو پەیوەست نییە، بەڵکو جۆرێکە لە گشتپرسی.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 25ی ئایاری 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی نێوان هاوسەرۆکانی هەدەپە و هاوگوتەبێژانی یەسەپەدا کە لە بارەگای سەرەکیی هەدەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەیبوو، دوایین هەڵوێستیان لە بارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، خستەڕوو.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە هیچ تێڕوانینێکی سیاسیی بە راست نازانن کە خەباتی دیموکراسی لەناو کۆمەڵگەدا تێکبشکێنێت و گوتی: "بەم شێوەیە دەڕوانینە ئەو پرۆتۆکۆڵەی پارتی سەرکەوتن و جەهەپە لەنێوان خۆیاندا واژۆیان کردووە و رەخنەی خۆشمان لەمبارەیەوە بۆ رای گشتیی خستەڕوو".
پەروین بوڵدان بانگەشەی ئەوەشی کرد کە دەستگرتن بەسەر ئیرادەی سیاسیی کورد لەڕێی دامەزراندنی قەییومەکانەوە دەستگرتن بووە بەسەر ماف و ئازادییەکانی گەلانی تورکیا، گوتیشی: "لە کاتێکدا کە دەچینە سەدەی دووەمی کۆماری تورکیاوە، ئێمە لە هەر دۆخێکدابین هەمیشە ئیرادەی گەل لەسەروو هەموو ئیرادەکانەوە دەبینین، درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ ئایندەیەکی دیموکراسی هاوبەش و یەکسان".
هاوسەرۆکی هەدەپە، ئاماژەی بەوەشدا کە هاوپەیمانی "جمهور" دژ بە بنەماکانی دیموکراسیی، دادپەروەریی و ئازادی دەوەستێتەوە و رایگەیاند: "لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا، بەتوندی داکۆکی لە گۆڕانی دیموکراسیی و خواستی خۆشگوزەرانی کرا و دەنگی ناو سندوقەکانیش رەنگدانەوەی ئەمەبوو. تاکە بژاردەمان، گۆڕینی ئەو دەسەڵاتەیە کە نوێنەرایەتی ئەم هزرە دەکات".
میتحەت سانجار-یش لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەوەی روونکردەوە کە بڕیاری پشتیوانیکردنیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو، تەنیا بڕیاری هەدەپە و یەسەپە نەبووە، بەڵکو بڕیارێک بووە گەل تێیدا بەشداربوون.
هاوسەرۆکی هەدەپە، باسی لەوەش کرد کە لە 28ی ئایاردا، هەمووان پێکەوە سەردەکەون و بەبێ کەموکوڕی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، چیغدەم کڵچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن هاوگوتەبێژانی یەسەپە لە بارەی رۆژەڤەوە دوان و رایانگەیاند، ئەم پرسە بەوە گرێنەدراوە کە ئەردۆغان یان کڵچدارئۆغڵو بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵکو هەڵبژاردنی 28ی ئایار جۆرێکە لە گشتپرسیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ