رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا 130 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، حکومەتی تورکیا نۆ رۆژ پشووی جەژنی قوربانی راگەیاند کە شەممە، 24ی حوزەیران دەستی پێکرد و رۆژی 3ی تەممووز کۆتاییدێت. بۆ ئەو مەبەستە، هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن لەگەڵ کەسوکارەکانیان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە 24 کاژێری رابردوودا لە 41 رووداوی هاتووچۆدا کە لە چەندین پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە پارێزگاکانی ئافیۆن کاراهیسار 7 کەس برینداربوون؛ لە کۆنیا 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 کەس برینداربوون؛ لە عوسمانییە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لە ساکاریا 10 کەس برینداربوون؛ لە چۆڕوم 11 کەس برینداربوون؛ لە کڕکالە 1 کەس بریندار بووە؛ لە سینۆپ 2 کەس بریندار بووە؛ لە بورسا 4 کەس بریندار بووە؛ لە هاتای 1 کەس بریندار بووە؛ لە ئاکسارای 7 کەس بریندار بوون.
هەروەها لە ئیستەنبووڵ 6 بریندار؛ لە ئایدن 1 بریندار؛ لە ئیزمیر 3 گیانلەدەستدان، لە ئسپارتا 1 گیانلەدەستدان، لە قەیسەری 3 گیانلەدەستدان و 16 بریندار، لە ئەسکیشەهیر 5 بریندار و لە موغڵا 5 بریندار تۆمارکراون.
لە باکووری کوردستانیش لە پارێزگاکانی رووها 6 بریندار و 3 گیانلەدەستدان، لە قەرس 12 بریندار، لە دیلۆک 6 گیانلەدەستدان و 1 بریندار و لە ئەرزینجان 12 بریندار تۆمارکراون.
هەر لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی قورباندا، عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگاوبانەکان لە جەژنی قورباندا راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە، لە نۆ رۆژی پشووی جەژندا 30 هەزار و 529 کارمەندیان لە ئەرکدا دەبن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، درۆن و هێلیکۆپتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێری رێگەوبانەکان دەکەن و هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەربەر بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ