هاوسەرۆکی کەجەکە: بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دیموکراسی لە تورکیا بەرقەرار نابێت

25-06-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، حکومەتی تورکیا هەنگاوی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نەناوە، ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەبێ چارەسەرکردنی پرسی، دیموکراسی لە تورکیا بەرقەرار نابێت''.
 
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''ئێمە هەموو هەنگاوێکمان ناوە، کۆتاییمان بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا هێناوە. پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتیش هەنگاوی ئەرێنی لەمبارەیەوە بنێت''.
 
هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان باسی لەوە کرد، دەبێت حکومەتی تورکیا لە دەستووردا مافی سیاسەت کردن بە گەریلاکانی پەکەکە لە تورکیا جێبکاتەوە.
 
بەسێ هۆزات پێی وایە، تورکیا بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ناتوانێت دیموکراسی لە وڵاتەکەی بەرقەرار بکات. "پێویستە تورکیا دان بە ناسنامەی کورددا بنێت و لە چوارچێوەی دەستووردا مسۆگەری بکات''.
 
هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت پارتە سیاسییەکانی تورکیا خاوەندارێتیی لە پرۆسەکە بکەن، بەتایبەتیش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).
 
بەسێ هۆزات لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی ''تورکیای بێ تیرۆر'' لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەکە، دەڵێت: ''ئەم دەستەواژەیە رەت دەکەینەوە و پێویستە لە رۆژەڤدا نەهێڵدرێت. بەپێچەوانەوە، پرۆسەکە بەرەو پێشەوە ناچێت''.
 
بەسێ هۆزات هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەش کرد: ''ناوی ئەم پرۆسەیە روونە، ناوەکەی 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی'یە''.
 
بەسێ هۆزات هەروەها گوتیشی، ''ئازادیی جەستەیی'' عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، یەکێکی دیکەیە لەو هەنگاوانەی کە پێویستە حکومەتی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بینێت.
 
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
 
مانگی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا دەست بە پرۆسەی چارەسەری لەو وڵاتە کرا. پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئەم مانگە، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە