رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، کۆتاییان بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا هێناوە و چاوەڕێی هەنگاوی کرداری لە حکومەتی تورکیا دەکەن، بەڵام دەپرسێت "بێ هەمواری یاسایی و دەستووری، گەریلا چۆن لە چیا دێتە خوارەوە بۆ شارەکان؟"
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، بەسێ هۆزات، سەبارەت بە چەک دانانی پەکەکە دوای کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە، بە میدیای پەکەکەی راگەیاند، لە یەکی ئاداری ئەم ساڵەوە ئاگربەستیان راگەیاندووە و گوتی: "لە 5ـی ئایاردا 12یەمین کۆنگرەی پەکەکەمان بەست. لە کۆنگرەکەدا پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریمان دا".
هۆزات جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕێی هەنگاوی بەرجەستە لە حکومەتی تورکیا دەکەن و رایگەیاند، "بەبێ هەمواری یاسایی و دەستووری، گەریلا چۆن لە چیا دێتە خوارەوە بۆ دەشتایی و شارەکان؟ چۆن لە شار سیاسەت دەکات؟."
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێیوایە، "ئەگەر نیازی چارەسەری هەبووایە، ئەگەر عەقڵیەت و سیاسەتی چارەسەری هەبووایە، دەبوو رۆژێک دوای ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و خەباتی چەکداری راگرت، راستەوخۆ کۆمیسیۆنی پێکبهێنایە، پەرلەمانی کۆبکردایەتەوە، گفتوگۆی بکردایە و یاسایەکی تایبەت بە پەکەکەی دەربکردایە و مافی سیاسەتکردنی پێبدانایە."
بەسێ هۆزات، تێڕوانینی حکومەتی تورکیای بۆ "تورکیایەکی بێ تیرۆر و پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی رادەست دەکات" رەتکردەوە و گوتی: "پەکەکە بەرامبەر بەم تێڕوانینە و ئەم تێگەیشتنە، نە چەک دادەنێت و نە خۆی رادەست دەکات. ئێمە بە تووندی رەخنە لەم جۆرە لێدوان و هەڵسەنگاندنانە دەگرین و رەتیاندەکەینەوە."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هۆزات هۆشداری دا و گوتی: "ناوچەکە ئێستا بووەتە دۆزەخ. ئەم ئاگرە بە تورکیاش دەکەوێت. تاکە رێگەی رزگاربوونی تورکیا لەم دۆخە، بێگومان پەیوەندی و هاوپەیمانیی ستراتیژییە لەگەڵ کورد."
بەسێ هۆزات داوایکرد کۆمەڵگە خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی بکات و رایگەیاند، ئەگەر ئەم پرۆسەیە لەلایەن کۆمەڵگەوە بەهێزەوە خاوەنداری لێبکرێت، هەروەها لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنان، گەنجان، عەلەوییەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە خاوەندارییەکی بەهێز هەبێت، بێگومان دەتوانن ئەم پرۆسەیە لەوە دەربکەن کە ببێتە کەرەستەیەک بە دەست حکومەتەوە.
هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بە کۆنفرانسی "کردنەوەی رێگەی ئاشتی" لە ئیستەنبووڵ کرد کە لە رۆژانی 22-23ـی مانگ کرا و گوتی: "هەموو سەرکردەکانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان پەیامیان بۆ کۆنفرانسەکە نارد. ئەو هەڵسەنگاندنانە زۆر لەجێی خۆیان بوون. کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، تورکیا دیموکراتی نابێت. بەڕاستی پێویستە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە)، بە تەواوی خاوەنداری لەم پرۆسەیە بکات و زۆر بەهێز و چالاکانە بەشداریی تێدا بکات."
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ