رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لەکار لادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە ماوەی چوار مانگە لە گرتووخانەی مەڕمەڕەی ناوچەی سیلیڤری دەستبەسەرە، کێشەی تەندروستی هەیە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئیمامئۆغڵو بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی ئازاری پشتەوە لەلایەن کارگێڕیی گرتووخانەوە بۆ پشکنینی تەندروستیی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
دوای پشکنینەکان لە نەخۆشخانە و تەواوبوونی رێکارەکان، ئیمامئۆغڵو جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە بۆ گرتووخانەی سیلیڤری.
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ، لەبارەی رەوشی تەندروستیی ئیمامئۆغڵوەوە لە ئێکس نووسیویەتی: "سەرۆک ئەکرەم، کە ماوەی 125 رۆژە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە سیلیڤری زیندانی کراوە، بەهۆی هەندێک کێشەی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانە پشکنینی بۆ کرا. رەوشی تەندروستیی باشە، نیگەران مەبن، سڵاوی بۆ هەمووتان هەیە. ئێمە بە خۆڕاگری و ئارامیمان بەسەر ئەم قۆناخە نادادپەروەرانەیەدا زاڵ دەبین، بەڵام ئەو ستەمەی کە دەکرێت هەرگیز لەبیری ناکەین!"
رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 106 کەس کە زۆربەیان سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی جەهەپە بوون بە تۆمەتەکانی "پاڵپشتیکردن لە تیرۆر، گەندەڵی دارایی، بەرتیلدان و وەرگرتنی بەرتیل، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیرکران.
رۆژی 23ـی مانگ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 48 کەسی دیکە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و رەوانەی گرتووخانەی سزاکانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ