رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نووسراوی ئاراستەی فراکسیۆنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان کرد ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەستنیشیان بکەن کە لە 51 ئەندام پێکدێ.
هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی 31ـی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن.
بڕیارە کۆمیسیۆنەکە لە 51 ئەندام پێکبێت و داوا لە ئاکپارتی کراوە 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ سێ ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
ئامانج ئەوەیە کۆمیسیۆنەکە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێندرێت، نەوەک بە یاسا و بڕیارەکانیشی بە زۆرینە دەربکات.
ئیی پارتی رایگەیاندووە، لە کۆمیسیۆنەکەدا بەشدار نابێ.
تاوەکو ئێستا لەسەر ناوی کۆمسیۆنەکە رێککەوتن نەکراوە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی دەبێت دەستەواژەی "دیموکراسی" لەگەڵ بێ.
سەرباری ئەوەی پەرلەمان چووەتە پشووەوە، بەڵام کۆمیسیۆنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
رۆژی 18ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش لەگەڵ عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی؛ موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە؛ گولستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ ئەرکان ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە؛ بوغرا کاڤونجو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی و بولەنت کایا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رێگەی نوێ کۆبووەوە و مژارەکەش کۆمیسیۆنەکە بوو.
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆنەکە بریتی دەبێ لە پێشکێشکردنی پێشنیاز بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، لەوانەش گەڕاندنەوەی گەریلاکان بۆ نێو کەسوکاریان لە باکووری کوردستان و تورکیا.
جەهەپە، دەم پارتی و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای لیژنەیەکی هەمیشەیی دەکەن کە بە یاسا دابمەزرێ، نەوەک پێکهاتەیەک کە ئەرکەکانی تەنیا تەکنیکی بن.
لە بەرامبەردا ئاکپارتی و مەهەپە پێیان وایە دەبێت لیژنەکە تەنیا پێشنیاز پێشکێش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ