ئەردۆغان: حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، ئازادیخواز و موجاهیدن

25-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بزووتنەوەی حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو "گرووپێکی ئازادیخواز و موجاهیدە" و بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی خەبات دەکات."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، کە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کرد و گوتی، "کێشەمان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ ئەو کردەوە دڕندانە هەیە، کە ئیسرائیل وەکو رێکخراوێک مامەڵە دەکات و لامان پەسند نییە. نزیک بە نیوەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە منداڵن. ئەم دۆخەش دەریدەخات کە ئامانج دڕندەییەکی بە ئەنقەستە بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی."
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، "پێش ئەم رووداوانە، پلانی سەردانی ئیسرائیلمان هەبوو، بەڵام هەڵمان وەشاندەوە و ناچین. هەروەها حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و کۆمەڵەیەکی ئازادیخواز و موجاهیدە کە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی خەبات دەکات."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەشی لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی، "ئەو زلهێزانەی ئەمڕۆ پشتیان پێدەبەستن ئەگەر نەمێنن، هاوشێوەی 500 ساڵ بەر لە ئێستا، سبەی یەکەم شوێن کە گەلی ئیسرائیل بۆ ئاسایش و میهرەبانی بەدوایدا دەگەڕێت، تورکیا دەبێت."
 
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بکەران و پشتیوانیکەرانیش، هەم هاوبەشن لە کوشتنەکاندا و هەم نەخۆشیی دەروونییان هەیە. هەموو ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ئاوەز و ویژدانن، بانگیان دەکەم کە گوشار بخەنە سەر حکومەتی نەتانیاهوو بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هزر و عەقڵیەتی دروست."
 
سەرۆککۆماری تورکیا داواشی کرد، "بەر لە هەموو شتێک هەموو لایەنەکان پێویستە دەستیان لەسەر پەلەپیتکە لاببەن. دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت."
 
داواشی لە وڵاتانی هاریکاریی ئیسلامی کرد لە ئاست پێگەکەیاندا کە بە ئامانجی بەرگریکردن لە تایبەتمەندی قودس و دۆزی فەلەستین دامەزراوە، هەڵوێستی شایستەیان هەبێت و گوتی، "پێشنیاز دەکەین کۆنفرانسێک رێکبخڕێت بە بەشداری هەموو وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە لە ژێر ناوی (کۆنفڕانسی نێودەڵەوتیی ئاشتیی ئیسرائیل - فەڵەستین)."
 
ئەردۆغان رەخنەی لە "بێتوانایی" نەتەوە یەکگرتووەکان گرت لەئاست ئەو کێشانەدا و گوتی، "ئەو پێکهاتەی کوشتنی منداڵان پشتگوێ بخات هیچ کەس حیسابی رژدی بۆ ناکات. زۆر نیگەرانین لەو دۆخە بێتواناییەی، کە نەتەوە یەکگرتووەکان تێی کەوتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو