میدیای تورکیا: بەرپرسی گەریلاکانی خواکوڕک کرایە ئامانج

25-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسێکی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان کردە ئامانج؛ بەڵام پەکەکە تائێستا زانیارییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، ساریە ئاتیللا، کە ناوی نهێنیی "رۆزارین شەمزینان"ە و لەدایکبووی باکووری کوردستانە،  ناوی لە لیستی "داواکراوانی تیرۆر"دا هەبووە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خواکوڕک کراوەتە ئامانج.
 
هەرچەندە میت ئاماژەی بە رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە، بەڵام میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، بەئامانجکردنی رۆزارین شەمزینان-ی لە ناوچەی خواکوڕک بڵاوکردەوە، کە گوایە فەرماندەی گەریلاکان بووە لە ناوچەی خواکوڕک.
 
رۆزارین شەمزینان ساڵی 2007 چووەتە ریزەکانی پەکەکە و لە ئەکادیمیای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە حەفتانین، خولی پەروەردەیی بینیوە. ساڵی 2010 بەرپرسی ویلایەتی زاپ-ی پێدراوە، مەشقی چەکداری و ئایدۆلۆژیی بەو کادیرانە دەکرد کە تازە دەچوونە ناو پەکەکەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، ساڵی رابردوو تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، 69 ئۆپەراسیۆنیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە؛ لە ئەنجامدا 82 کەس کراونەتە ئامانج کە 23 کەسیان بەرپرسی باڵا بوون، 42 کەسیش دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە تورکیا.
 
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی کرانەئامانجی رۆزارین شەمزینان بڵاونەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی هەپەگە کە رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 15 - 21ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و 24 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا، لە ئەنجامدا 25 سەرباز کوژران و نۆ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو