لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە تورکیا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

26-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای ئاماسیای تورکیا لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویدا و لە ئەنجامی سووتانی ئۆتۆمبێلێکیان سێ کەس سووتان و گیانیان لەدەستدا. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای ئاماسیای تورکیا بڵاویکردەوە، لە رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی گوموش هاجیکۆی و شاری ئاماسیا، پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا دروستبووە. 
 
بەهۆی بەهێزیی پێکدادانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە، یەکێکیان گڕی گرت و سەرنشینەکانی نێوی گیریانخوارد و نەیانتوانی خۆیان دەربازبکەن و سووتان. شوفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش بەسەختی برینداربوو. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی تەندروستی، بریندارەکە بە ئەمبووڵانس گوێزرایەوە نزیکترین نەخۆشخانە و تەرمە سووتاوەکانیش رەوانەی دادی پزیشکی پارێزگاکە کران. 
 
بەهۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە، رێگەوبانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان قەرەباڵخییەکی زۆر تێیاندا بەدی دەکرێت و ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی رووداوی هاتووچۆی زۆر رووبدات. 
 
لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی قورباندا کە 24ی حوزەیران بوو، 41 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکران و بەهۆیەوە18 کەس گیانیان لەدەستدا و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
حکومەتی تورکیا نۆ رۆژ پشووی جەژنی قوربانی راگەیاندووە کە لە رۆژی 24ی حوزەیران دەستیپێکرد و رۆژی 3ی تەممووز کۆتاییدێت. بۆ ئەو مەبەستە، هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن لەگەڵ کەسوکارەکانیان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان. 
 
هەر لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی قورباندا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگەوبانەکان لە جەژنی قورباندا راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە، لە نۆ رۆژی پشووی جەژندا 30 هەزار و 529 کارمەندیان لە ئەرکدا دەبن. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، درۆن و هێلیکۆپتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێری رێگەوبانەکان دەکەن و هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەربەر بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو