تورکیا
وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دوو گەریلای پەکەکە لەکاتی چەکدانان لەنزیک ئەشکەوتی جاسەنە
رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ستایشی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای کردووە و هیوای خواستووە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیاش خزمەت بە ئاشتی بکات.
رۆژی 25ی تەممووزی 2025 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان؛ میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری بازنەی رووها و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوون، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووزی 2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "رۆژی 25ی تەمموزی 2025 دیدارێکی سێ کاژێر و نیوییمان لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا "بیروبۆچوون لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە ئاڵوگۆڕ کرا کە شاندەکە لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامی داون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زانیاری لەبارەی تێبینییەکان و کاردانەوەی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دراوەتە ئۆجەلان و لە بەرامبەردا، ئۆجەلان "شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، ویست، باوەڕ و سووربوونی پیشاندراو لەبارەی ئاشتی بە (زۆر بە نرخ و بەهادار) زانیوە."
سەبارەت بە کاری ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە کارنامەی پەرلەمانی تورکیادایە، ئۆجەلان هیواخواز بووە کە "بە شێوازێکی گشتگیر و فراوان، خزمەتێکی گرنگ بە ئاشتی و دیموکراسی بکات."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا هاتووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "گەرمترین سڵاو و باشترین هیوای خۆی ئاراستەی خەڵک و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد."
ئەو کۆبوونەوەیەی شاندەکە و ئۆجەلان لە کاتێکدایە، سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی 22ی ئەم مانگە رایگەیاند، "دوای سەردانی شاندی ئیمراڵی، ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆک و شاندێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەمان، سەردانی ئیمراڵی بکەین."
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە حەوتەمین سەردانی شاندی ئیمرالی بوو بۆ لای ئۆجەلان. هاوکات دووەمین سەردانی شاندەکەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ