پڕۆفیسۆرێکی تورک کورد بە 'بوونەوەری خوار مرۆڤ' وەسف دەکات؛ دەم پارتیش سکاڵا دەکات

26-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سکاڵای یاسایی لە دژی پڕۆفیسۆر دکتۆر بێنگی باشەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ تۆمارکرد، دوای ئەوەی ئەو پڕۆفیسۆرە تورکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سووکایەتی بە کوردان کرد و بە "جۆرێکی خوار مرۆڤ" ناوی بردن.
 
بێنگی باشەر، کە زیاتر لە 600 هەزار فۆڵۆوەری لە تۆڕی ئێکس هەیە، رۆژی 24ـی ئابی 2025 نووسیبووی: "ئەو وزەیەی بۆ لەنێوبردنی ئاژەڵانی سەرشەقام خەرج دەکرێت، باشتر نییە بۆ چاکسازیی ئەم جۆرە بوونەوەرانەی خوار مرۆڤ بەکاربهێندرێت؟" هاوکات لەگەڵ پۆستەکەیدا، کاریکاتێرێکی بە ناوی "دۆڵی هرتەکان" (Hırtlar Vadisi) بڵاوکردبووەوە.
 
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی دەم پارتی، بەناوی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتەکەوە، سکاڵاکەیان پێشکێشی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە کرد. لە سکاڵاکەدا، بێنگی باشەر بە "ورووژاندنی ئاشکرای رق و کینە"، "هاندان بۆ تاوان" و "پەیڕەوکردنی زمانی جیاکاری" تۆمەتبار کراوە.
 
لە سکاڵاکەی دەم پارتیدا هاتووە، بەکارهێنانی دەستەواژەی "دۆڵی هرتەکان" ئاماژەیەکی روونە بە گوتاری "هرت" (Hirt)، کە وشەیەکە لە تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ سوکایەتیکردن بە کورد بەکاردەهێندرێت، تاوەکو لە سزای یاسایی خۆیان بدزنەوە. دەم پارتی دەڵێت: "ئەمە زمانێکی سیستماتیکی سوکایەتی و رقلێبوونەوەیە بەرامبەر گەلی کورد."
 
دەم پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو گوتارە رەگەزپەرستییە "راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و زیان بە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنێت، بەتایبەتی لە قۆناخێکدا کە گفتوگۆی چڕ لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەکرێت".
 
لە کۆتایی سکاڵاکەدا، دەم پارتی داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەگەڵ پڕۆفیسۆر بێنگی باشەر بکرێت و بەپێی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، سکاڵانامەی یاسایی بۆ ئامادە بکرێت و سزای پێویست بدرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو