شاندی دەم پارتی: پێنجشەممە سەردانی ئیمراڵی دەکەین

26-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 28-08-2025، شاندێکیان سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە.
 
دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو شاندەی سەردانی ئیمراڵی دەکەن، پێکدێن لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکدێت.
 
ئەم سەردانە یەکەم سەردانی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی، لە دوای دامەزراندنی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی برایەتی و دیموکراسی لەلایەن پەرلەمانی تورکیا. 
 
لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا کە لە 51 ئەندام پێکدێت، دەم پارتی پێنج ئەندامی لە لێژنەکەدا هەیە. بەرپرسانی ئەو پارتە تاوەکو ئێستا چەند جارێک داوایان کردووە، کە لیژنەکە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بگرێت.
 
دوایین جار شاندی دەم پارتی رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 سەردانی ئیمراڵیی کردبوو و ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو دیدارەکان راگیرابوون. لەمبارەیەوە، رۆژی 23ـی ئابی 2025 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا گرتبوو کە رێگری لە دیدارەکان دەکەن و داوای کردبوو کۆتایی بەو رێگرییە بهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە