باخچەلی: ئەمریکا و ئیسرائیل هانی هەسەدە دەدەن بەشداری لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر نەکەن

26-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) جارێکی دیکە باسی لە پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانیی تورکیا، رووسیا و چین کرد و رایگەیاند، "ئەگەر ناتۆ تورکیا پشتگوێ بخات، هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەین." ئاماژە بەوەش دەکات، هەسەدە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هان دەدرێت بەشداری لە پرۆسەی چارەسەری نەکات.
 
ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی باسی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان کرد.
 
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بە دۆخی سووریا کرد و رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا خواستی خۆی بۆ بوون بە کۆمارێکی دیموکراسی دەربڕیوە، ئەکتەری جۆراوجۆر، لە سەروشیانەوە ئیسرائیل، هەموو یارییەک دەکەن بۆ تێکدانی ناوچەکانی سەر دەریای نێوەڕاست، سنووری دەرعا-سوەیدا لە باشوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە."
 
باخچەلی گوتیشی، "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا [رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە]، هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ دروستکردنی ئیسرائیلی دووەم. ئەمریکا، رۆژئاوا و ئیسرائیل رۆژانە لاپەڕەیەکی نوێی نائارامی هەڵدەدەنەوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاندەدەن و یارییان پێدەکەن، بۆئەوەی بەشداری لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر نەکەن."
 
سەرۆکی مەهەپە باسی لە دۆخی غەززە کرد و رایگەیاند، "حکومەتی نەتەنیاهوو تەنیا لە غەززە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام نادات، بەڵکو وەک ئەوەی جەنگی دژی 6 وڵاتی دەوروبەری راگەیاندبێت، هێرشیان دەکاتە سەر. هەموو ئەم رووداوانە لەتەنیشت تورکیاوە روودەدەن و مەترسیی پێکدادانی جیدییان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە."
 
باخچەلی گوتیشی، "تورکیا پێویستیی بەپەلەی بە رێکاری ئاسایشە. سەقامگیری و ئاسایشی درێژخایەن لە ناوچەکە بەندە بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە و رێککەوتنیان لەسەر بنەما سەرەکییەکان."
 
سەبارەت بە هۆکاری پێشنیازەکەی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ رووسیا و چین، باخچەلی ئەوەی دووپاتکردەوە، "ئەگەر ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ نەتوانێت لەوە زیاتر بڕ بکات کە تورکیا لە هێرشی ئەگەری نێو ناتۆ بپارێزێت، ئەگەر هەندێک لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ گرنگترین داواکارییەکانمان پشتگوێ بخەن، ئەوا دەبێت تورکیا بەگوێرەی دیدگەی مێژوویی خۆی، سەیری هەردوو ئاراستە بکات."
 
رۆژی 18ی ئەیلوولی 2025یش دەوڵەت باخچەلی لە رێگەی پەیامێکی نووسراوەوە پێشنیازی کرد "هاوپەیمانیی تورکیا، رووسیا و چین" دژی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکبهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان