سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی چارەسەری خێرا دەکات

26-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، چەکدانانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەبێتەهۆی خێراکردنی پرۆسەی چارەسەری.
 
ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و باسی لە کارەکانی کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکە کرد، کە بۆ چارەسەرکردنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کۆمیسیۆنەکە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێت؟ کورتوڵمووش گوتی، "هێشتا ئەم بابەتە نەهاتووەتە رۆژەڤی کۆمیسیۆنەکەوە. ئەگەر بێتە رۆژەڤەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند بکرێت، ئەوا کۆمیسیۆنەکە بڕیاری لەسەر دەدات. ئەمە بابەتێک نییە من بە تەنیا وەکو سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە بڕیاری لەسەر بدەم."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی کۆمیسیۆنەکە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبن و ئەگەر پێویست بکات، دەتوانرێت ماوەکەی درێژ بکرێتەوە.
 
کورتوڵمووش جەختی لەوە کردەوە، یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئیمرالییە، "باوەڕم وایە بە بەردەوامبوونی پرۆسەی چەکدانان کە بە شێوەیەکی سیمبوولی لە سلێمانی دەستیپێکرد و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، نەوەک تەنیا لەنێو سنوورەکانی تورکیا، بەڵکو لە دەرەوەی سنوورەکانیش، پرۆسەکە زۆر خێراتر بەڕێوەدەبات."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها گوتی، "دەبێت ماف و شکۆی کورد لەبەرچاو بگیرێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە دەبێت هەستیاری و شکۆی تورک کە زۆرینەی تورکیا پێکدەهێنن، لەبەرچاو بگیرێت."
 
کورتوڵمووش روونیکردەوە، پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی پەکەکە بە تەواوی چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەرکی پەرلەمان نییە، بەڵکو ئەرکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و سوپایە، "ئێمە وەک لیژنەی پەرلەمان، دەتوانین چاودێر بین و چاودێریی دۆخەکە بکەین، بەڵام ئەوەی کێ لە کوێ چەکی داناوە، کاری ئێمە نییە."
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کورتوڵمووش رایگەیاند، "سەردانێکی زۆر گرنگ و پێشهاتێکی مێژوویی بوو. ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ ئێمە لێکەوتەوە و هیوادارم دەرگای نوێ بۆ تورکیا بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو