رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای ئیجە بەلەمێکی لاستیکیی کۆچبەران نوقم بوو، بەهۆیەوە کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 17ـی دیکە رزگارکران، گەڕان بەدوای کۆچبەرێکی دیکەشدا بەردەوامە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-11-2025، لە کەناراوەکانی قەزای کارابورونی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، بەلەمێکی کۆچبەران تووشی رووداو بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەلەمەکە لاستیکی بووە و لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە، ئاوی تێچووە و بەو هۆیەوە نوقم بووە، دواتر کۆچبەرەکان داوای بەهاناوەچوونیان کردووە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان بە کەشتییەک، چوار بەلەم و هێلیکۆپتەرێک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
تیمەکان توانیویانە 17 کۆچبەر رزگار بکەن کە لەسەر رووی ئاو مابوونەوە، هاوکات تەرمی کۆچبەرێکیشیان لە ئاودا دەرهێناوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆچبەرە رزگاربووەکان وەرگیراون، جگە لەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، کۆچبەرێکی دیکە لەنێو دەریاکەدا ونبووە، بۆیە تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوایدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ