ئەردۆغان: برا کوردەکانمان بەشێکی گرنگی خێزانە گەورەکەی تورکیان

27-05-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا لە هاوپەیمانیی جمهوور دەڵێت، "برا کوردەکانمان بەشێکی گرنگی خێزانە گەورەکەی تورکیان". شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ ئەو پۆستە بەشداری لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا کرد و وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە ئاراستەی کران. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، ئەوان بە چاوێک سەیری کورد دەکەن و بە چاوێکی دیکە سەیری پەکەکە دەکەن و گوتی، "بە دڵنیاییەوە برا کوردەکانمان لەلایەک و پەکەکەش لەلایەکی دیکە دادەنێین. برا کوردەکانمان بەشێکی گرنگی خێزانە گەورەکەی تورکیان کە 85 ملیۆن کەسە".
 
ئەردۆغان رەخنەی لە هەدەپە گرت کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رۆژی 14ـی ئەم مانگەدا بەناوی یەسەپە بەشداریکرد و گوتی، "پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوزی درێژکراوەی پەکەکە ئاشکرایکرد کە کڵچدارئۆغڵو رێککەوتنی لەگەڵ ھەدەپەدا کردووە. ئێمە لە لێدوانەکانی ھەدەپەییەکان تێدەگەین کە ئەم رێککەوتنە چی لەخۆگرتووە کە بریتییە لە 'دەرھێنانی سەردەستەی تیرۆر (ئۆجەلان) و دەمیرتاش لە زیندان". 
 
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی جمهوور رووی دەمی کردە کەمال کڵچدارئۆغلوی رکابەری و لێی پرسی، "باس لە راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەی. ئایا راگرتنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە چ شێوەیەک دەبێت؟ دەزانین ئەمانە داواکاری ھەدەپەن. پاشان دەپرسن و دەڵێن 'کڵچدارئۆغڵو تۆ چ رێککەوتنێکت لەگەڵ ئەوانەدا کردووە؟'. سەرۆکی گشتی جەھەپە بۆچی وەڵامی ئەمانە ناداتەوە. وەڵام بدەرەوە".
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ـی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪، سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
 
هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50+1٪ـی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، بەو هۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم کە سبەی بەڕێوەدەچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە