رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت، لە پڕۆسەی دەنگدانی هاووڵاتییان لە دەروازە سنوورییەکاندا 129 هەزار و 580 کەس دەنگیان داوە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، تاوەکو کاژێر 22:00ی رۆژی هەینی، 26ی ئایار (بە کاتی هەرێمی کوردستان) لە دەروازە سنوورییەکاندا 129 هەزار و 580 کەس دەنگیان داوە.
بەگوێرەی رۆژژمێری گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، پڕۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکان تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 28ی ئایار بەردەوام دەبێت.
هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوورییەکاندا دەنگیانداوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 912 هەزار و 687 کەس.
دەنگدانی دەرەوە و دەروازە سنوورییەکان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیادا 13 رۆژی خایاند.
لە گەڕی یەکەمی پرۆسەی دەنگدانی دەرەوەدا، یەک ملیۆن و 691 هەزار و 287 کەس لە دەرەوەی وڵات و 148 هەزار و 183 کەسیش لە دەروازە سنوورییەکان دەنگیان دا. کۆی گشتییان یەک ملیۆن و 839 هەزار و 470 کەس بوو.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ی دەنگەکان؛ سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، بەوهۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم کە سبەی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ