تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 17:00ی ئەمرۆ شەممە 27ی ئایاری 2023، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کۆتایی هات و ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەڵبژاردن.
پێشتر دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژژمێری هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، کاژێر 17:00 بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت کۆتایی دێت.
هەردوو بەربژێرەکە ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا پێش کاژێر 17:00 دوایین پەیامی خۆیان لە شاشەی کەناڵی فەرمیی تورکیا بڵاودەکەنەوە.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە بەربژێر 50+1٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. لە ئەگەری نەگەیشتنی رێژەی دەنگی هیچکام لە بەربژێرەکان بۆ ئەم رێژەیە، هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە گەڕی دووەمەوە و مەرجە لەماوەی 15 رۆژدا دووبارە بکرێتەوە. لە گەڕی دووەمدا بەربەستی 50+1٪ نامێنێت و کێبڕکێ لەنێوان دوو بەهێزترین بەربژێر دەکرێت کە دەنگی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنابێت. هەر کامەیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە 13ـەمین سەرۆککۆماری تورکیا.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪، سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50+1٪ی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەمەوە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گەڕی یەکەم، دەستیکرد بەچاپکردنی پسوولەی نوێی دەنگدان کە تەنیا وێنەی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو لەخۆگرتبوو. پسوولەکان رۆژی 18ی مانگ گەیێندرانە 156 باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا لە 73 وڵاتی جیهان و دەروازە سنوورییەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی.
تائێستا لە پرۆسەی دەنگدانی دەرەوە و دەروازە سنوورییەکاندا یەک ملیۆن و 912 هەزار و 687 کەس دەنگیانداوە. پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکاندا وەک هەڵبژاردنی گشتیی کاژێر 17:00ی رۆژی 28ی مانگ کۆتایی دێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، 64 ملیۆن و 163 هەزار و 899 کەس مافی دەنگدانیان دەبێت. هەر لە گەڕی دووەمدا 49 هەزار 958 کەسی دیکە بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان پێ دەدرێت. لە زیندانەکاندا 53 هەزار و 172 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی 14ی ئایار بەڕێوەچوو، 64 ملیۆن و 145 هەزار و 504 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەم ژمارەیەدا 55 ملیۆن و 833 هەزار و 153 کەس دەنگیاندا. 54 ملیۆن و 796 هەزار و 49 دەنگی پەسندکراو هەبوو. لە بەرامبەردا 1 ملیۆن و 37 هەزار و 104 دەنگی پووچەڵ تۆمارکرا. رێژەی بەشداربوون 87.04٪ بوو. لە دەرەوەی تورکیا 1 ملیۆن و 676 هەزار و 268 کەس و لە دەروازەکاندا 146 هەزار و 847 کەس دەنگیاندا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، 27 ملیۆن و 133 هەزار و 849 دەنگی بەدەستهێنا. لە نێوخۆی تورکیا 26 ملیۆن و 86 هەزار و 102 دەنگ، لە دەرەوەی تورکیا 967 هەزار و 180 دەنگ و لە دەروازەکاندا 80 هەزار و 567 دەنگی بەدەستهێنا.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، 24 ملیۆن و 595 هەزار و 178 دەنگی بەدەستهێنا. لە نێوخۆی تورکیا 23 ملیۆن و 873 هەزار و 749 دەنگ، لە دەرەوەی تورکیا 665 هەزار و 111 دەنگ و لە دەروازەکاندا 56 هەزار و 318 دەنگی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ